ئیسرائیل گەڕاندنەوەی تەرمی دوو بارمتەی ڕاگەیاند

لە ئۆپەراسیۆنێکدا سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل (شاباک) کە ڕۆژی هەینی بەڕێوەچووە، توانیویانە تەرمی دوو بارمتە لە غەززە بگەڕێننەوە وڵاتەکەیان.

شەممە 30ی ئابی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، دوای ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ڕۆژی هەینی بەڕێوەچوو، توانیان تەرمی دوو بارمتە لە کەرتی غەززە بگەڕێننەوە.

باسی لەوەش کردووە، دوای ئەوەی لە پەیمانگای پزیشکیی دادی ئیسرائیل ناسنامەی ئەو دوو کەسە ئاشکرا کرا، ئەوکات گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو دوو بارمتانەمان ڕاگەیاند،

هاوکات سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، تەرمی ئیدان شتیڤی و ئیلان وایسدا بۆ ماوەی 693 ڕۆژ لە غەززە بوون و لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 کوژراون.

باسی لەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە دوێنێ هەینی 29ی ئابی 2025،بە هاوبەشی سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل (شاباک) بەڕێوە چوو و بە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز باس دەکەن.

ئیدان، تەمەن 28 ساڵبووە، لەلایەن حەماسەوە لە ناوچەی تەل گاما لە باشووری ئیسرائیل کوژرا و ڕفێندرا، هەروەها ئیلان خەڵکی کیبوتزی بئیری بوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، میدیاکان باس لەوە دەکەن دوای گەڕاندنەوەی ئەو تەرمی ئەو دوو بارمتەیە، کۆی ژمارەی ئاو بارمتانەی لە غەززە ماوەن 48 کەس دەبن.