شاخەوان عەبدوڵڵا: حکوومەتی عێراق چێژ لە ئازاردانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی فیدراڵی بە مەبەست خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوادەخات و "چێژ لە ئازاردانیان وەردەگرێت."
یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی جووتیارانی گوندی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕانی کەرکووكی کرد؛ دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە دەستگیرکردنی جووتیارانی کورد، خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا بەهۆی دواخستنی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ڕەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت و، وەک خۆی گوتی "دەتوانرا 20 ڕۆژ یان مانگێک زووتر، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش بدرێت، چونکە هیچ شتێک نەگۆڕاوە."
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا "بەداخەوە حکوومەتی عێراق چێژ لە ئازاردانی فەرمانبەرانی ئێمە وەردەگرێت و خۆشی لە دواخستنی خەرجکردنی مووچەکانیان دەبینێت."
لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتوو (مانگی حەوت و دواتر)، شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایگەیاند "میکانیزمی خەرجکردنی مووچە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و وەک مانگی شەش دەبێت، بەڵام بڕیار لەسەر داهات و پرسەکانی دیکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەدرێت و پێویستە لیژنەکان کارەکانی خۆیان تەواو بکەن."
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 690 ملیار دیناری وەک گوژمەی یەکەمی مووچەی مانگی حوەزیرانی مووچەخۆران، خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق گوژمەی دووەمی مووچەی مانگی حوەزیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و دواتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکاتەوە.