تەواوی کارەبای قوشتەپە بووەتە 24 کاتژمێری؛ "دوای کارەبا، نۆرەی ئاوە"

بژار مەلا خدر، قایمقامی قوشتەپە
بژار مەلا خدر، قایمقامی قوشتەپە

شارۆچکەی قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر، ماوەی سێ ڕۆژە بەشێوەیەکی فەرمی کارەبای 24 کاتژمێری پڕۆژەی "ڕووناکی" پێگەیشتووە و بەمەش سەرجەم مۆلیدە تایبەتەکان لە سنووری شارۆچکەکە کوژاونەتەوە. 

یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، بژار مەلا خدر، قایمقامی قوشتەپە، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی  ڕاگەیاند: "بە دڵخۆشییەوە ڕایدەگەیەنین کە قەزای قوشتەپە وەک یەکەمین قەزا بە هەموو گوند و سەنتەر و ناوچەی پیشەسازی و کارگەکانەوە کارەبای 24 کاتژمێری پێگەیشتووە، ئەمەش لە سایەی پڕۆژەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دێت وەک زۆربەی پرۆژە ستراتیژییەکانی دیکە کە قەزای قوشتەپە لێی سوودمەند بووە."

قایمقامی قوشتەپە ئاماژەی بەوەش دا، کۆی گشتی، 12 هەزار و 845 هاوبەش لەم خزمەتگوزارییە سوودمەندبوونە، کە دابەشبوون بەسەر:

- 9,920 هاوبەشی ماڵان.

- 1,450 هاوبەشی کشتوکاڵی.

- 180 هاوبەشی پیشەسازی.

- 238 هاوبەشی بازرگانیی گەورە.

- 249 هاوبەشی میری.

- 805 هاوبەشی بازرگانی بچووک.

 

بژار مەلا خدر ڕوونیشیکردەوە، بە گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێری، 37 مۆلیدە لە سنووری شارۆچکەکە بە تەواوەتی کوژاونەتەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی بەرچاوی لەسەر ژینگەی هەولێر و ناوچەکە دەبێت.

سەبارەت بە پڕۆژەی ئاو لە قوشتەپە، قایمقام گوتی "پڕۆژەکە قۆناغێکی باشی بڕیوە و بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت. پڕۆژەی ئاو لە دوو قۆناغ پێکدێت؛ قۆناغی یەکەم کە سەنتەری شاری قوشتەپە دەگرێتەوە، لە ناوەڕاستی مانگی 9ی ئەمساڵدا تەواو دەبێت، و قۆناغی دووەمیش تا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە سەرجەم ناوچەکانی دەوروبەری قەزای قوشتەپە."