سەرچاوەیەکی فەڵەستینی کوژرانی ئەبو عوبەیدە پشتڕاست دەکاتەوە
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی، گوتەبێژی باڵی سەربازی حەماس ڕاگەیاند و سەرچاوەیەکی فەڵەستینیش پشتڕاستی کردووەتەوە.
یەکشەممە 31ـی ئابی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی لیواکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، لە غەززە کوژراوە.
هەروەها پێگەی هەواڵی عەرەبییە لە زاری سەرچاوەیەکی فەڵەستینی دووپاتی کردووەتەوە، کە ئەبو عوبەیدە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل کوژراوە.
ئەو سەرچاوە فەلەستینییە ئاماژەشی داوە، سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی کردووەتە ئامانج کە گوتەبێژی قەسامی تێدا بووە، هاوکات لە هێرشە ئاسمانییەکەدا هەموو ئەوانەی لەناو باڵەخانەکە بوونە کوژراون. ئەوەشی خستەڕوو، دوای پشکنینی تەرمەکە، کوژرانی ئەبو عوبەیدەیان پشتڕاست کردەوە.
پێشتر، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە سوپای وڵاتەکەی گوتەبێژی باڵی سەربازی حەماسیان بە ئامانج گرتووە. ڕوونیشی کردەوە کە ئامانجگرتنی ئەبو عوبەیدە "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ سوپا و دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی (شاباک) کراوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیشی کردەوە، بڕیاری داگیرکردنی تەواوی غەززە دراوە و سوپاش جێبەجێی دەکات.
دوێنێ شەممە 30ـی ئابی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی دابوو، بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) بە فڕۆکە، باڵەخانەیەکیان لە گەڕەکی ئەلڕەمال لە شاری غەززە بۆردوومان کردووە کە یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی حەماسی تێدا نیشتەجێ بووە.
لە ماوەی ڕابردوودا، ئەبو عوبەیدە لە ڕێگەی تۆمارە دەنگییەکان یان ڕاگەیەندراوە نووسراوەکانەوە باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس دژی سوپای ئیسرائیل دەکرد.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئیسرائیل، هێرشەکەی حەماس لە تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی هەزار و 219 کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. هەروەها 251 وەک بارمتە گیراوەن، تاوەکوو ئێستا 47 کەسیان لە غەززە ماون و نزیکەی 20 کەسیان لە ژیاندا ماون.
هەروەها تەندروستی غەززەش بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لانیکەم 63 هەزار و 459 فەلەستینی کوژراون کە زۆربەیان مەدەنین.
"ئەبو عوبەیدە"؛ دەنگە نهێنییەکەی قەسام
زیاتر لە 20 ساڵە "ئەبو عوبەیدە"، ئەو دەمامکدارە نهێنییە، یەکێکە لە دیارترین "دەنگەکانی" بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و باڵە سەربازییەکەی، "کەتائیبی قەسام". هەرچەندە ناوی ڕاستەقینە و شێوەی تەنیا لەلایەن کەسە نزیکەکانییەوە ناسراوە، بەڵام ناوبانگێکی زۆری لە ڕێگەی وتار، ڕاگەیەنراوەکان، جلوبەرگە سەربازییەکەی و جەمەدانییە سوورەکەی کە چەندین ساڵە ڕوخساری پێ دادەپۆشوە بەدەست هێناوە.
پێگەی ئەبو عوبەیدە لە جەنگەکاندا
ناوی "ئەبو عوبەیدە" بە شێوەیەکی بەرچاو لە کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ساڵی 2014دا دەرکەوت، کە نزیکەی 55 ڕۆژی خایاند. لەو کاتەدا "ئەبو عوبەیدە"ی دەمامکدار، وەک پردی پەیوەندی نێوان شەڕکەران لە تونێل و مۆڵگەکانی شەڕ و دانیشتووانی غەززە، هەروەها نێوان غەززە و جیهان، کاری دەکرد.
نهێنی ڕوخساری و نازناوەکانی
ئەبو عوبەیدە هەرگیز بە ڕوخساری ئاشکرا دەرنەکەوتووە. سەرەتا ماسکی ڕەشی بەکاردەهێنا، پاشان جەمەدانی سوورەکەی کردە دەمامکێک کە زۆربەی ڕووخساری دادەپۆشی جگە لە چاوەکانی، ئەمەش نازناوە بەناوبانگەکەی "دەمامکدار"ی پێبەخشی. ئەمەش بە لاساییکردنەوەی فەرماندەی پێشووی "کەتائیبی قەسام"، عیماد عەقیل، بوو کە ئیسرائیل لە ساڵی 1993 کوشتی و هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی بە ڕوخساری داپۆشراو بە جەمەدانی سوورەوە ئەنجام دەدا. دوای کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە لە ساڵی 2005، ئەبو عوبەیدە بە فەرمی وەک گوتەبێژی "قەسام" دەستنیشان کرا.
زانیاری لەسەر ئەبو عوبەیدە
ماڵەکەی چەند جارێک لە ساڵەکانی 2008، 2012، 2014 و 2023، بۆردومان کراوە.
یەکەم جار لە نێوان ساڵانی 2002 و 2003 وەک یەکێک لە بەرپرسانی مەیدانی "قەسام" دەرکەوت.
یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی خۆی لە 2ی تشرینی یەکەمی 2004 لە مزگەوتی "نوور" لە باکووری کەرتی غەززە کرد، کە تێیدا ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی "کەتائیبی قەسام" دژی هێز و تانکەکانی ئیسرائیل ئەنجامی دابوون ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "ڕۆژانی تووڕەیی" وەک وەڵامێک بۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بە ناوی "ڕۆژانی پەشیمانی".
دوای هێرشی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس، بە شێوەیەکی بەرچاو دەرکەوت.