پیسکۆڤ: وڵاتانی ئەورووپا بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کڕێملن) ڕایگەیاند، سیاسەتی ئەورووپا وای کردووە، گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان جەنگ لە ئۆکرانیا سەخت بێت، ئاماژەشی داوە، نەبوونی دەستپێشخەرییەکانی ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە، وای کردووە لە هێرشەکانمان بەردەوام بین.
یەکشەممە 31ی ئابی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کڕێملن) ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەورووپا بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا. ئاماژەشی داوە، ئەو هەوڵانەی ئەورووپا وای کردووە کە ڕووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوام بێت.
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا باسی لەوەش کردووە، وڵاتەکەی هەموو ئامادەیەکی دیپلۆماتی و سیاسیی بۆ چارەکردنی ئەو پرسە پیشان داوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ دەستپێشخەرییەکمان لە کیێڤ نەبینیوە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامین.
سەرکردەکانی ئەورووپا دەڵێن باوەڕیان بەوە نییە پوتن ئاشتی لە ئۆکرانیا بوێت، بەڵام سەرۆکی ڕووسیا چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر ئاشتی بکات، بەو مەرجەی ڕووسیا دەستبەرداری هیچ کام لەو خاکانە نابێت کە لە ئۆکرانیا کۆنترۆڵی کردووە.
ڕۆژی دووشەممە 18ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا، ئەلێکساندەر ستەبی، سەرۆک فینلەندا، جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، کییەر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن کردووە، پوتنیش ڕەتی نەکردووەتەوە.
هەروەها کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا لە دەرەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا کرا.