فرێدریک مێرز: جەنگی ئۆکرانیا ڕەنگە درێژە بکێشێت و هەڕەشە بۆ ئەڵمانیا دروست بکات

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند خۆی بۆ ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگی ئۆکرانیا بۆ ماوەیەکی درێژ ئامادە دەکات، چونکە ئێستا نە ڕووسیا و نە ئۆکرانیا نزیک نین لە شکستی سەربازی یان قەیرانی ئابووری، گوتیشی ئەگەرچی ئۆکرانیا دەتوانێت بە خۆبەدەستەوەدان کۆتایی بە ململانێکە بهێنێت، بەڵام ئەمە بە واتای لەدەستدانی سەربەخۆیی دێت.
یەکشەممە 31ـی ئابی 2025، فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە خۆمان بۆ جەنگێکی درێژخایەن لە ئۆکرانیا ئامادە بکەین، هاوکات هۆشداریی دا لەوەی شکستهێنانی ئۆکرانیا دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئەورووپا و ئەڵمانیا بۆیە جەختی لە پێویستیی بەردەوامیی پشتیوانیی سەربازیی ڕۆژئاوا بۆ کیێڤ کردەوە.
گوتیشی: جەنگ بە گشتی بە شکستی و سەرکەوتن یان بە لاوازبوونی ئابووری و سەربازی لایەنێک کۆتاییان دێت، بەڵام لەم دۆخەدا هیچ کام ڕووسیا و ئۆکرانیا لە هەلومەرجێکی ئاوا نین، بۆیە هێشتا ماویەتی ئەو جەنگە کۆتاییبهێت.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، باسی لەوەش کرد، ئۆکرانیا دەتوانێت دەستبەجێ کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت ئەگەر خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام ئەمە بە واتای لەدەستدانی سەربەخۆیی وڵاتەکەی دێت. هۆشداریشی دا ئەگەر ئۆکرانیا شکست بهێنێت، وڵاتانی دیکە دەکەونە ژێر هەڕەشەوە و ئەڵمانیاش دەگرێتەوە.
جەختیشی کردەوە، ئێستا هیچ کەسێک بیر لە ناردنی هێزی زەمینی بۆ ئۆکرانیا ناکاتەوە، بەڵکوو کاری لە پێشینەیان دڵنیابوونە لەوەی سوپای ئۆکرانیا کەرەستە و پێداویستیی سەربازی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ماوەیەکی درێژخایەندا بەرگری لە وڵاتەکەی بکات.
ئەمەش لە کاتێک دایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کڕێملن) ڕایگەیاندبوو، وڵاتانی ئەورووپا بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا. ئەمەش وای کردووە کە ڕووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوام بێت.