جووتیارانی کورد لە کەرکووک داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە لایەنە کوردییەکان دەکەن
جووتیارانی کەرکووک دەڵێن "تا ئێستاش بە دەست کێشەی بەرچاو و کەڵەکەبووەوە دەناڵێنین" و بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانەش، داوای یەکڕیزی لە لایەنە کوردییەکان دەکەن.
نوێنەری جووتیارانی کوردی کەرکووک، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2025، بڵاوبووەتەوە؛ داوا لە سەرجەم حزب و هێزە سیاسییە کوردییەکانی کەرکووک دەکەن، لە بەرانبەر بەو بارودۆخە سەختەی شارەکە و گەلی کورد تێیدا دەژیت؛ یەکڕیز و یەکدەنگ بن.
نوێنەری جووتیارانی کوردی کەرکووک جەختیان لەوە کردووەتەوە "ئەمڕۆ کەرکووک بەرگەی دووبەرەکی زیاتر ناگرێت. خەڵکەکەی بە دەست کێشەی بەرچاو و کەڵەکەبووەوە دەناڵێنن".
ئەمانە بەشێکن لە کێشەکانی ئێستای جووتیارانی کورد:
- زەوییە کشتوکاڵییەکان: هەزاران جووتیاری کورد تا ئێستاش لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بێبەشن، کە دەیان ساڵە دەستیان بەسەردا گیراوە و هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەیان بێ سوود بوون.
- خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە گوندەکان: گوندە کوردنشینەکان بەبێ ئاوی خواردنەوە، کارەبای پێویست، ڕێگای قیرتاوکراو، یان خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ژیان بەسەر دەبەن.
- بێکاری و پەراوێزخستن لە شاردا: دانیشتوانی شار لە بێکاری، نەبوونی دامەزراندنێکی دادپەروەرانە و پەراوێزخستن کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، دەناڵێنن.
جووتیارانی کەرکووک جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ژێر ڕۆشنایی ئەم مەینەتییانەدا، پێویستییەکی زۆر بە سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو و بەهێزی کورد هەیە، کە داکۆکی لە مافەکانیان بکات و متمانە بۆ گەل بگەڕێنێتەوە.
جووتیارانی کورد هۆشداری دەدەن "هەر دووبەرەکییەک لە نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا، لە چاوی پێكهاتەكانی تردا لاوازمان دەکات و هەر ناکۆکییەک مافەکانمان زیاتر بەفیڕۆ دەدات." دەشڵێن "ئێمە یەکگرتوویی کوردمان دەوێت. ئێمە گەڕانەوەی خاکەکانمان دەوێت. ئێمە خزمەتگوزاری سەرەتاییمان دەوێت. ئێمە یەک دەنگی و یەک ڕەنگی نێو ماڵی كوردمان دەوێت کە نوێنەرایەتی کوردی کەرکووک بکات بە هەموو ڕەنگەكانیەوە."