دەستەی وەبەرهێنان: هەموو گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە
دوو کۆمپانیای ناوخۆیی هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیاران وەرگرتووە. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت: ئێستا جووتیاران ناچار نابن گەنمەکەیان بە هەرزان بفرۆشن، ئێمە گرانتر لە نرخی بازاڕ لێیان دەکڕینەوە.
ئەمساڵ وەزارەتى بارزگانیى عێراق، بڕى 400 هەزار تۆن گەنمى لە جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەرگرت. ئەو بڕە گەنمەی مابووەوە، لە لایەن هەردوو کۆمپانیای ناوخۆیی، "خۆشناو و قەیوان"ـەوە لە جووتیاران وەرگیرا.
لەوبارەوە ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلولی 2025، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە 15ـی ئابـەوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە لایەن ئەو دوو کۆمپانیا ناوخۆییەوە کۆتایی هاتووە، نزیکەی 40 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە کراوە و هیچ بڕە گەنمێک لای جووتیاران نەماوە.
بە گوتەی، د. محەممەد شوکری، بەشێکی زۆری جووتیاران لە کاتی ڕادەستکردنی گەنمەکەیان بە کۆمپانیاکانی خۆشناو و قەیوان، شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە، ئەوانەی تا ئێستاش وەریان نەگرتووە، لەمڕۆوە تا دوو مانگی داهاتوو پێیان دەدرێت.
لەبارەی چارەکردنی بنەڕەتی کێشەی وەگرتنی گەنم، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی "پێشتر گرفتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانمان هەبوو، بەڵام ئەوە زیاتر لە سێ ساڵە هەرچی گەنمی جووتیاران هەیە وەریدەگرین و هیچ گرفتێک و دڵەڕاوکێیەک لەلای جووتیاران نەماوە." گوتیشی "ئێستا جووتیارانمان ناچن گەنمەکەیان هەرزان بفرۆشن، ئێمە گرانتر لە نرخی بازار لێیان دەکڕینەوە."
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، 11 سایلۆ و شەش بەنکەر لە هەرێمی کوردستان هەن، توانای هەڵگرتنی هەر سایلۆیەک بریتییە لە 40 هەزار تۆن و تەنیا سایلۆی هەولێر نەبێت کە تواناى هەڵگرتنى زیاتر لە 60 هەزار تۆن دانەوێڵەى هەیە.
سایلۆکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکەونە (گەرمیان، چەمچەماڵ، چوارقوڕنە، پیرەمەگرون، سەیدسادق)، لە سنووری پارێزگای هەولێریش دوو سایلۆ هەیە (هەولێر و قوشتەپە)، لە سنووری پارێزگای دهۆکیش چوار سایلۆ هەیە (فایزە، شێخان، زاخۆ، رۆڤیا).
هاوکات ئێستا کار لەسەر دروستکردنی سایلۆیەکی نوێ لە هەڵەبجە دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت ساڵی داهاتوو بە ڕووی جووتیاراندا بکرێتەوە، تا بتوانن گەنمەکەیان تێیدا هەڵبگرن.