بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک درێژکرایەوە؛ خزمەتگوزاریی نوێ چالاک دەکرێت
وەزارەتی بازرگانیی عێراق وادەی خۆتۆمارکردنی لە پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی درێژکردەوە. پارێزگای هەڵەبجەش بە ڕێژەی 88%ی تۆمارکردنەوە، لە پێشەنگی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە.
دووشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2025، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، دوا وادەی پێشکەشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی تا کاتژمێر 12ـی شەوی 2ی ئەیلوولە و قۆناغی یەکەمی نوێکردنەوەی پسوولەی خۆراک کۆتایی دێت.
بە گوتەی سیامەند قادر "دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە، قۆناغی خزمەتگوزاریی مامەڵەی هاووڵاتییان لەناو ئەپڵیکەیشنەکە چالاک دەبێت. ئەم تایبەتمەندییە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات ناوی خۆیان تۆمار بکەن، پسوولەی خۆراک بگوازنەوە، جیای بکەنەوە، یان ئەوانەی هاوسەرگیرییان کردووە پسوولەی تایبەت بەخۆیان هەبێت".
ڕوونکردنەوە لەبارەی حاڵەتە تایبەتەکان:
- خێزانە جیابووەکان: نزیکەی 500 مامەڵەی جیابوونەوەی خێزانەکان لە هەولێر، دوای ڕادەستکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و بڕیاری دادگا و کارتی نیشتمانی، ڕەوانەی بەغدا کراون.
- منداڵانی تازە لەدایکبوو: دایک و باوک دەتوانن پاش دەرکردنی کارتی نیشتمانی، ناوی منداڵەکانیان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکەوە زیاد بکەن.
- هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات: دەتوانن دوای گەڕانەوەیان بۆ کوردستان، ئەپڵیکەیشنەکە دابەزێنن و خۆیان تۆمار بکەن بە دانانی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان.
- هاووڵاتییانی زیندانیکراو: دەبێت چاوەڕێ بکەن تا ئازاد دەبن، پاشان بڕیاری دادوەر بۆ ئازادکردنیان سکان بکەن و وێنەیەکی خۆیان لەسەر ئەپڵیکەیشنەکە دابنێن.
ڕێژەی تۆمارکردنی پسوولەی خۆراک تا ئێستا:
- هەولێر: 88%
- سلێمانی: 87%
- دهۆک: 83%
- هەڵەبجە: 89%
کۆی گشتیی هەرێمی کوردستان: 86%
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن و پێنج ملیۆن و 350 هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن. تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە، دوو هەزار و 297 بریکاری ئارد و خۆراک هەن.
پێشتر لە 8ی ئایاری 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی لە هەڵەبجە دەستیپێکرد.