فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" لە کوردستان نمایش دەکرێت

پۆستەری فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور"
پۆستەری فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور"

فیلمی نوێی کوردی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور"، کە فیلمێکی درامی کۆمەڵایەتییە و لە دەرهێنانی هەوراز محەممەدە، بڕیارە لە ڕۆژی 10ـی ئەیلولی 2025، لە سینەماکانی کوردستان نمایش بکرێت. 

دووشەممە، 1ـی ئەیلولی 2025، ڕەوەز حەمە ساڵح، بەرهەمهێنەری فیلمەکە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند کە ڕۆژی 9ـی ئەیلولی 2025، نمایشێکی تایبەت بۆ ناساندنی فیلمەکە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و ڕۆژی دواتر فیلمەکە لە سینەماکان دەست بە نمایشکردنی دەکرێت.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ بەناوی 'هارون' دەکات، کە کرێکارە لە کارگەیەکی تواندنەوەی ئاسن و گیرۆدەی دەردێکی دەروونییە. ئەو، بەردەوام خەوی ناخۆش دەبینێت و هەموو شتێک لە ژیانیدا شووم دەردەکەوێت، بۆیە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت. بەرهەمهێنەر ئاماژەی بەوەدا کە فیلمەکە بە شێوەیەکی گشتی جیاواز دەبێت.

حەمە ساڵح گوتیشی "ناوەڕۆکی فیلمەکە بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی کۆمەڵێک هاوڕێیە کە خەونێکی هاوبەش کۆی کردوونەتەوە. فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" لە فۆڕمدا شیعرییە و لە ناوەڕۆکدا شێوازی ڕیالیزمی جادووییە، هەوڵدەدات وێنەی مرۆڤی دوای جەنگ نیشان بدات."

هەروەها سەبارەت بە سیناریۆی فیلمەکە، ناوبراو ڕایگەیاند، سیناریۆی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" لە نووسینی هاوبەشی هەوراز محەممەد و مەنسور تەیفورییە. ئەم کارە بە بەشداری دەستەیەک لە فیلمسازان و ئەکتەرانی ناوداری کورد لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بەرهەمهاتووە.

 پاڵەوانانی سەرەکی فیلمەکە بریتین لە هونەرمەندان بەختیار پەنجەیی، مریەم بووبانی، ئەژدەر سازگار، دیمەن زەندی، لەگەڵ چەندین ئەکتەری دیکە کە ڕۆڵی بەرچاویان لە فیلمەکەدا گێڕاوە. بڕیارە فیلمەکە دوای نمایشی ناوخۆیی، بۆ فێستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەکانیش بنێردرێت.

 
Fly Erbil Advertisment