وەزارەتی تەندروستی بڕیاری نوێ لەبارەی بەرهەمە جوانکارییەکان دەدات

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڕیار و ڕێنمایی نوێ سەبارەت بە بەرهەمە جوانکارییەکانی تایبەت بە ئافرەتان بڵاودەکاتەوە.

دووشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2025، د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەم زووانە بڕیار و ڕێنمایی نوێ سەبارەت بە بەرهەمە جوانکارییەکانی تایبەت بە ئافرەتان بڵاودەکاتەوە، ئەمەش دوای قەدەغەکردنی چەند جۆرە ماددە و بەرهەمێکی جوانکاریی لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا "لە ئەورووپا دەرکەوتووە کەرەستەکانی جێڵ و پۆلیش و چەند بابەتێکی دیکەی تایبەت بە جوانکارییەکانی نینۆکی ئافرەتان، کە لە ئارایشگەکان بەکاردەهێنرێن، دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە یان نەزۆکی. بەهۆی ئەم مەترسییانەوە، یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی ئەو کەرەستانەی قەدەغە کردووە."

د. سەرکار سورچی ئەوەی خستەڕوو، کۆبوونەوەیەک بەم نزیکانە لە وەزارەتی تەندروستی ئەنجام دەدرێت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری جددی لەبارەی ئەو بابەتانەی کە مەترسی لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان دروست دەکەن و دەبێت قەدەغە بکرێن. جەختیشی لەوە کردەوە، تەندروستیی هاووڵاتییان لە پێش هەموو بابەتێکی دیکەوەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا "بەهۆی نوێبوونی بڕیارەکەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ قەدەغەکردنی بابەتە جوانکارییەکان، پێویستە کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ ئەنجام بدرێت، ئەمەش لە پێناو دەرکردنی بڕیار و ڕێنمایی هاوبەش و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییانە لە سەرانسەری عێراقدا."

بە گوێرەی بڕیارەکەی یەکێتیی ئەورووپا، ئەو ماددانەی لە بەرهەمە جوانکارییەکانی نینۆکدا بەکاردەهێنرێن، بەتایبەت ئەو پێکهاتانەی وەک ترایمێتێل، بێنزۆیل، دایفێنایل و فۆسفین ئۆکساید (Trimethylbenzoyl diphenylphosphine oxide - TPO) لە خۆدەگرن، مەترسییەکی زۆریان لەسەر تەندروستیی خانمان هەیە و دەتوانن ببنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و نەزۆکی. ئەم ماددانە بە ژەهراوی و ترسناک دادەنرێن و چەندین جۆر نەخۆشی دروست دەکەن.

شایەنی باسە، لە 1ی ئەیلولی 2025ـەوە، یەکێتیی ئەورووپا بەتەواوەتی جێڵ پۆڵیش و ئەو ماددانەی تری لایەنەکانی جوانکاریی نینۆکی قەدەغە کردووە کە ماددە ژەهراوییەکانیان تێدایە. بەهۆی ئەم بڕیارەوە، لەسەر ئاستی جیهان قەدەغەکراون و دەبێت هەموو ئارایشگەکانی تایبەت بە جێڵ پۆڵیش و جوانکاریی نینۆک دابخرێن. هەروەها، تەواوی ئەو ماددانەی لە کۆگاکانیشدا هەن کۆدەکرێنەوە و لەناودەبرێن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment