ڕێبەر ئەحمەد: ماددەی 140 و ڕێککەوتنی شنگال کلیلی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانن

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە "تاوانەکانی داعش ئیرادەی گەلەکەمان ناشکێنێت" و جەخت لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ڕێککەوتننامەی شەنگال دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی مزگەوتی گەورەی 'نوور' و کەنیسەکانی 'تاهیرە' و 'ساعە'ـی کرد و گوتارێکی بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد. 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەسسان، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق؛ شاندێکی باڵای ئیماراتی و چەندان وەزیر و بەرپرسی حکوومی لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بوون. 

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە "تاوانەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش، بەتایبەتی لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا و شەنگال، ئیرادەی گەلەکەمان بۆ مانەوە و پێکەوەژیان ناشکێنێت. ئەو تیرۆریستانە پەرستگاکانیان کردە ئامانج، کۆمەڵکوژییان دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامدا، مەسیحییەکان و هەموو پێکهاتەکانی نەینەوایان ئاوارە کرد و هەوڵیاندا ناسنامەی شارەکە بسڕنەوە."

ڕێبەر ئەحمەد ڕێزی لە قوربانیانی هێزە عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە گرت، بەتایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە، کە وەک خۆی گوتی "لە سەنگەرەکانی پێشەوە وەستان و دەروازەکانی ڕزگارکردنی مووسڵیان بۆ هێزە فیدراڵییەکان کردەوە." ئاماژەی بەوەش دا، هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی لەناوبردنی داعشدا قوربانییەکی زۆری داوە و خوێنیان لە گۆڕەپانی جەنگدا لەگەڵ هێزە عێراقییەکان تێکەڵ بووە، ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە "پاراستنی شار و هاووڵاتییان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە."

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پێویستیی ڕەتکردنەوەی ناکۆکییەکان و پەرەپێدانی کەلتووری ئاشتی مەدەنی و پێکەوەژیانی هاوبەش کردەوە، "چونکە ئەوەی کۆمان دەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی جودامان دەکاتەوە."

لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانیش، ڕێبەر ئەحمەد خێراکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگالی بە هەنگاوێکی 'زۆر پێویست' زانی بۆ ئامادەکردنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی ئێزیدی بۆ ناوچەکانیان بە 'ڕێز و شکۆوە' و بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقی لەسەر شانی هەموو لایەنەکان وەسف کرد.

لە کۆتاییدا، وەزیری ناوخۆ جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق کردەوە "وەک دەروازەیەکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و کۆتاییهێنان بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان، کە سەقامگیری ئەو ناوچانە دابین دەکات و ڕۆحی برایەتی و هاووڵاتیبوون لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکاندا بەهێز دەکات."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment