وەزارەتی خوێندنی باڵا: وادەی گواستنەوەی قوتابی لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیێکی دیکە کۆتاییهات

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوە کرد، لە دوێنێوە پرۆسەی گواستنەوەی قوتابییان لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیێکی دیکە کۆتاییهات و لینکی خۆتۆمارکردن داخرا.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆسەی پێشکەشکردنی گواستنەوەی قوتابییان لە زانکۆیێکەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە دوێنێ یەکشەممە، 31ـی ئاب کۆتاییهات و لینکی خۆتۆمارکردن داخرا.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی: تاوەکوو 15ـی ئەیلوول هەموو ئەو قوتابییانەی پرۆسەکەیان ئەنجامداوە مامەڵەکانیان تەواو دەبێت، بەو مەرج و ڕێنماییانەی وەزارەت بڵاویکردووەتەوە.
عەباس ئەکرەم، ئاماژی بەوە کرد، پرۆسەی گواستنەوە و دابەزینی قوتابییان چەند ساڵێکە بەشێوازی ئۆنلاین و لەڕێگەی پلاتفۆڕمی تایبەت بە گواستنەوە دەکرێت، هەروەها ژمارەیەک مەرجی هەیە، لەوانە:
- قوتابی دەرچوو بێت لە خولی یەكەمدا بە پلەی باشە یان سەرووتر و دانیشتووی هەمان پارێزگا یان نزیکی ئەو شارەبێت.
- ئەگەر قوتابی دایک یان باوکی کۆچی دوایی کردبێت لە ساڵانی خوێندنی زانکۆ.
-ئەگەر قوتابی ئافرەت لەکاتی ساڵانی خوێندن دابێت و منداڵی ببێت.
-ئەگەر قوتابی لە ساڵانی خوێندندا هاوسەرگیری پێکهێنابێت.
-هەروەها منداڵی کچ و کوڕی شەهیدان وئەنفالکراوان.
-ئەو قوتابییانەی دایک و باوکییان مامۆستای زانکۆیە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا ، لە مامۆستای یاریدەدەر، ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر ، پرۆفیسۆر) مافی گواستنەوەیان هەیە ئەگەر دەرچووبن.
-لەگەڵ ئەو قوتابییانەی نەخۆشی درێژخایەنییان هەیە.
لەگەڵ هەبوونی چەند مەرجێکی دیکەش، ئەمە لەکاتێکدایە زانکۆی سەڵاحەددین بڵاویکردووەتەوە لە حەوتی ئەیلوولی ئەمساڵ دەوامی فەرمی زانکۆکە دەستپێ دەکات.