وادەی کۆتاییهاتنی قۆناغی دووەمی نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی هەولێر - خەبات ڕاگەیەنرا
کارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی هەولێر - خەبات بەردەوامە و قۆناغی دووەم نزیکە لە تەواوبوون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەکی زۆرەوە لە نۆژەنکردنەوە و چاککردنی شەقام و ڕێگەوبانەکان دەڕوانێت، لەم چوارچێوەیەشدا ڕێگەی هەولێر-خەبات وەک یەکێک لە ڕێگە بازرگانی و ستراتیژییەکان، گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە. پڕۆژەکە دوای وەستانێکی کاتی، ئێستا جارێکی دیکە خێراتر کراوەتەوە.
ڕێگەی هەولێر-خەبات، کە بە خەبات و موسڵدا تێپەڕدەبێت، ڕۆژانە هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە و بەردەوام قەرەباڵغییەکی بەرچاوی بەخۆوە دەبینێت. لە ماوەی ڕابردوودا، بەهۆی خراپیی ڕێگەکە، چەندین ڕووداوی نەخوازراوی لێکەوتووەتەوە، بۆیە نۆژەنکردنەوەی بووەتە پێویستییەکی بەپەلە.
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکە درێژیی هەر سایدێکی 5.5 کیلۆمەترە و لە سێڕیانی گوێڕ لە هەولێرەوە دەستپێدەکات تا خاڵی پشکنینی کۆنی کانی قڕژاڵە.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، بە شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەو سایدەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕووی هاووڵاتییاندا کرابووەوە، ماوەی سێ تا چوار ڕۆژی دیکە دووبارە دادەخرێتەوە. ئەم داخستنەوەیە بە ئامانجی تەواوکردنی قۆناغی دووەم و داپۆشینی چینی دووەمی قیرتاوکردنە، کە ماوەیەک بەڕووی ئۆتۆمبێلەکان و بە تایبەتی بارهەڵگرەکان کراوەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگەکە پتەوتربێت."
جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی "چینی دووەمی قیرتاوکردنەکە بە ماددەی (پۆلیمەر) دەبێت، کە وادەکات شەقامەکە پتەوتر بێت و بەرگەی زیاتری باوباران و سەرمای زستان و تێپەڕبوونی بارهەڵگرە قورسەکان بگرێت، بەمەش تەمەنی ڕێگەکە درێژتر دەبێتەوە."
جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەشی بەوەدا کە قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە، کە گوژمەی نزیکەی پێنج ملیار و 52 ملیۆن و 300 هەزار دیناری بۆ تەرخانکراوە، لە ماوەی 40 بۆ 45 ڕۆژی داهاتوودا کۆتایی پێدێت و بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە. دوای تەواوبوونی هەردوو سایدەکە، دەستدەکرێت بە دروستکردنی زێراب لەنێوانیاندا، کە نزیکەی 350 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.