بۆنێکی ناخۆش خەڵکی خورماتووی هەراسان کردووە

بەهۆی دروستکردنی زیاتر لە 20 کارگە و پاڵاوگە لەسنووری خوورماتوو، بۆنێکی ناخۆش شارەکەی هەراسان کردووە و هاووڵاتیان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات، ئەگەر نا، ناچارن شارەکەیان بەجێ بهێڵن.
ڕۆژی سێشەممە، 2ـی ئابی 2025، هەرێم جاف پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: بەهۆی نەبوونی فلتەر لەو کارگانەی لە سنووری خوورماتوو دروستکراون، ماوەی 10ڕۆژە هاووڵاتیان ناچارن شەوان ئامێری فێنکەرەوە بکوژێننەوە، چونکە ئەو گازەی شەوان لە کارگەکان بڵاودەکرێتەوە، جگە لەوەی بۆنێکی ناخۆشی هەیە، چەندین نەخۆشی بڵاودەکەنەوە.
مەروان، چالاکوانێکی خورماتووە و بە کوردستان24 ـی ڕاگەیاند: بەهۆی بوونی کۆمەڵێک پاڵاوگە، ئەم بۆنە ساڵانێکە هەیە، ئێستا بۆنە ناخۆشەکە زیادی کردووە چونکە پاڵاوگەکان هاتوونەتە سنوورەکەی ئێمە، دەشڵێت: نزیکەی 20 کارگە کە لە شارەکانی دیکە دەرکراون و لەلای ئێمە کارگەکانیان کردووەتەوە، هیچ فلتەرێک بەکارناهێنن، شەوان کە بۆنە ناخۆشەکە بڵاودەبێتەوە، ناچار ئامێری فێنکەرەوە دەکوژێنینەوە .
هەروەها دەڵێت، ئێمە تەنها ئەو گرفتەمان نییە، بەڵکو گرفتی ئاویشمان هەیە، ئاوەکە لە قەزای دووکانەوە بۆمان دێت، نەک بۆ خواردنەوە، بۆ خۆشتنیش شیاو نییە، لایەنی پەیوەندیدارمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی کێشەکەمان چارەسەر بکات، ئەگەر وا بەردەوام بێت ناچارین وڵات بەجێ بهێڵین.
پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: پاڵاوگەکان یاسایین، بەڵام مەرجی ژینگەیی جێبەجێ ناکەن، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەیانەوێت، پاڵاوگەکان بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی ژینگەییەکان پابەند بکەن.