بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەکان: بەگوێرەی پلان ڕێگەمان نەداوە بەرهەمهێنانی کارەبا بوەستێت

بەندوای دوکان
بەندوای دوکان

بەهۆی کەمبارانی و وشکەساڵییەوە، ئاستی ئاو لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام بەرپرسان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بەگوێرەی پلان ڕێگە نادەن بەرهەمهێنانی کارەبا بە تەواوی بوەستێت.

سێشەممە، 02ـی ئەیلوولی 2025، ڕەحمان خانی، بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەدرێژایی ئەمساڵ بەهۆی نزمی ئاستی ئاو لە دەریاچەی دوکان و دەربەندیخان، تەنیا دوو تۆربین؛ یەکێک لە بەنداوی دوکان و یەکێکی دیکە لە دەربەندیخان  بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کاریان کردووە. گوتیشی: "هەندێک جار ئەو یەکدانەیەش کەم دەکەینەوە بۆ نیوە، بەگوێرەی پێویست بۆ ئەوەی کەمتر ئاو بەفیڕۆ بدەین."

لە لایەکی دیکەوە، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد کە بەهۆی نزمی ئاستی ئاو لە دەریاچەی دوکانەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبای ڕۆژانە بۆ 40 مێگاوات دابەزیوە، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە. بەڵام جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: "بەگوێرەی پلانی بەردانەوەی ئاو، ناهێڵین تۆڕبینەکان لە کار بکەون و بەرهەمهێنانی کارەبا ڕا بووەستێت."

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە ئەمساڵدا ئاستی ئاوی گلدراو لە بەنداوی دوکان، کە گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە، 18 مەتر دابەزیوە و لە ئێستادا تەنیا یەک ملیار و 400 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەدا ماوەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment