بەهۆی تەقینەوەیەک قوتابییەکی ئەکادیمیای قەڵاچوالان گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون

لە کاتی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی ژمارەیەک قوتابی ئەکادیمیای سەربازی قەڵاچوالان لە سنووری سلێمانی، بەهۆی تەقینەوەی گولـلەیەکی ئاربیجی، قوتابییەک گیانی لە دەستدا و سێ قوتابی دیکەش برینداربوون.
لەمبارەوە ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەکانی 70 بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەو قوتابیانە لە گۆڕەپانی مەشقی هێزەکانی کۆماندۆ مەشقیان کردووە، بەڵام بە هەڵە گولـلەیەکی ئاربیجی پێیاندا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە یەکێک لە مەشقکارەکان گیانی لەدەستداوە و سێ قوتابی دیکەش برینداربوون.
هەروەها ئاماژەیدا، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی شار گواستراونەتەوە.
هودا عوسمان پەیامنێری کوردستان24، لە سلێمانی ڕاگەیاند: جگە لەو کەسەی گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکە برینداربوون، بەڵام هەرسێکیان تەندروستییان باشە و قوتابییەکان بە نەتەوە عەرەبن و تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە لە بەغدا.
لەلای خۆیەوە گوتەبێژی یەکەی حەفتا ڕووداوەکەی بۆ کوردستان24، پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن.