ڕۆچوونی زەوی، بوومەلەرزە بێدەنگەکەی تاران

شارەزایانی جیۆلۆجی هۆشداری دەدەن کە زەویی پارێزگای تاران ساڵانە، زیاتر لە 25 سانتیمەتر ڕۆدەچێت و ئەم دیاردەیە هەڕەشە لە ژیانی 18 ملیۆن کەس دەکات.
زەوی ژێر پایتەختی ئێران، ساڵانە بە ئەندازەی زیاتر لە 25 سانتیمەتر ڕۆدەچێت و پسپۆڕانی جیۆلۆجی وەک بوومەلەرزەیەکی بێدەنگ و هەڕەشەیەکی جددی دەناسێنن. بەپێی داتاکانی سەنتەری توێژینەوەی ڕێگاوبان، دەشتی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای تاران، ساڵانە لە نێوان 25 بۆ 27 سانتیمەتر، ڕۆدەچێت؛ لە کاتێکدا لە هەندێک ناوچەی وەک دەشتی وەرامین، ڕۆچوونەکە دەگاتە 36 سانتیمەتر لە ساڵێکدا. ئەم ئەندازەیە، یەکێکە لە بەرزترین ئاستی ڕۆچوونی زەوی لە جیهاندا و شەش بەرانبەری ستانداری جیهانیی ڕۆچوونی زەوییە.
کارەساتی نیشتمانی
ڕەزا شەهبازی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی ناوەندی جیۆلۆجی و کانزایی ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، لەم بارەیەوە دەڵێت: دۆخەکە ئەوەندە قەیراناوییە کە دەبێ وشەی "کارەساتی نیشتمانی" بۆ بەکار بهێنین. ئێمە لە تاران، شایەتی بەتاڵبوونی لە ڕادەبەدەری کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوین. نەمانی ئاوی ژێرزەویش دەبێتە هۆی گرژبوون و خزانی پلێتەکانی زەوی.
شەهبازی هۆشداری دەدات "بەردەوامیی ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی تەقینی بۆرییە سەرەکییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، زیانگەیاندن بە هێڵەکانی شەمەندەفەر و میترۆ و تەنانەت ناسەقامگیریی بناغەی خانوو و باڵەخانە بەرزەکان.
قڵشتی قووڵ لە ماڵەکانی کەهریزەک و دەوروبەری فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی
دروستکردنی بێبەرنامەی خانوو و باڵەخانەی زۆر و داپۆشینی ڕووبەری زەوی بەو ماددانەی ڕێگریی لە چوونەخوارەی باراناو بۆ چینەکانی ژێر زەوی دەکەن، یەکێکە لەو هۆیانەی ڕۆچوونی زەوییان لە داتایەکی زانستییەوە کردووە بە دیاردەیەکی بەرچاوی ڕۆژانە. لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی، قڵشتێکی قووڵ لە زەویدا دەرکەوتووە.
یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکی کەهریزەک، لە باشووری تاران، دەڵێت: دیوارەکانی ماڵەکەمان لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا چەندین جار قڵیشیان تێ کەوتووە، سەرەتا پێمان وابوو بەهۆی دروستکردنی هێڵی میترۆ و لێدانی تونێلە؛ بەڵام پاشتر بۆمان دەرکەوت لەبەر ڕۆچوونی زەوییە و خانووەکانی دەوروبەریشمان بەهەمان شێوە قڵەشاون؛ ئێستا لەگەڵ گشت تاوە بارانێکدا، نیگەرانی ڕووخانی دیوارەکانی خانووەکانمانین.

ئەسکەندەر سەیدایی، سەرۆکی ڕێکخراوی نەخشەسازیی وڵات، لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی هەواڵی 'میهر'ی ڕاگەیاند "ڕۆچوونی زەوی، یەکێکە لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی دوو دەیەی ڕابردووی ئێران و جیهان کە لە تاراندا گەیشتووەتە قۆناغی مەترسی. هۆ سەرەکییەکانی دیاردەی ڕۆچوونی زەوی ئاڵۆز و فرەلایەنن، بەڵام شارەزایان لەسەر یەک هۆی سەرەکی هاوڕان: بەفیڕۆدانی بێسنووری ئاوی ژێر زەوی بۆ مەبەستی کشتوکاڵی، پیشەسازی و خواردنەوە."
سەیدایی گوتی: ئەتڵەسی ڕۆچوونی زەویی وڵات کە بە شێوەیەکی نهێنی دراوە بە دامودەزگا جێبەجێکارەکان، نیشانی دەدات کە هەندێک ناوچەی تاران ساڵانە، تا 30 سانتیمەتر ڕۆچوونی زەوییان هەیە. ئەم ڕێژەیە، زۆر زیاترە لە ستانداردە جیهانییەکان (3 سانتیمەتری ساڵانە) و بەهۆی بەفیڕۆدانی بێسنووری ئاوی ژێر زەوییەوەیە.
سەرۆکی ڕێکخراوی نەخشەسازیی وڵات، گوتیشی: ئەم دیاردەیە لە دەشتەکانی تاران، وەک ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوا، کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ژێرخانەکانی شار، هێڵەکانی شەمەندەفەر و تۆڕەکانی گواستنەوەی وزە داناوە.
میترۆ و ڕێگا خێراکانی تاران لەژێر هەڕەشەی جددی ڕۆچووندان
سەیدایی، ئاماژەی بە دۆخی شارە گەورەکانی دیکەش کرد و گوتی: لە کاتێکدا دەشتی بەهرمان لە پارێزگای کرمان بە 31 سانتیمەتر بەرزترین ڕێژەی ڕۆچوونی هەیە، تاران بە 30 سانتیمەتر لە پلەی دووەمدایە. خۆشبەختانە لە هەندێک ناوچەدا، ئەم دیاردەیە مەترسی کۆمەڵایەتی دروست نەکردووە، بەڵام لە تاران بەهۆی چڕیی دانیشتووانەوە، هەستیاریی زیاترە.

سەرۆکی ڕێکخراوی نەخشەسازیی وڵات، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی بەفیڕۆدانی بێسنووری ئاو، ڕایگەیاند "چارەیەکی خێرا بۆ ڕۆچوونی زەوی نییە. دەبێ دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچە مەترسیدارەکان ڕابگیرێت، ئێمە هۆشداریمان داوەتە دەزگا بەرپرسەکان کە هەر پرۆژەیەکی ئاوەدانی دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی ڕۆچوونی زەوی جێبەجێ بکرێت.
هێڵەکانی شەمەندەفەر، ڕێگا خێراکان و بەتایبەتی هێڵەکانی میترۆی تاران کە شادەماری ژیانی شارە، هەموویان لەژێر هەڕەشەیەکی جددیدان."
شارەزایانیش دەڵێن: لە پاراستنی تونێل و هێڵەکانی میترۆدا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری شاردا، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی نوێ بووینەتەوە."
هۆشداریی پارێزگار سەبارەت بە کێشەی نیشتەجێبوون
محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران، دەڵێت: ڕۆچوونی زەوی بە مانای ماڵئاوایی لە توانای ژیان لە ناوچەیەکدا دێت.
موعتەمیدیان هۆشداری لەوە دەدات "بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە لە بەفیڕۆدانی ئاو و زۆربەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێکی تاران چیدی بۆ نیشتەجێبوون نەگونجێت."
بە گوتەی عەلی بێتۆڵڵاهی، پسپۆڕی زانستەکانی زەوی، پارێزگاکانی تاران، ئەسفەهان، ئەلبورز و کرمان کە 40%ی دانیشتووانی وڵاتیان تێدایە، زۆرترین ڕادەی ڕۆچوونی زەوییان تێدایە.
شارەزایانی ژینگە پێیانوایە ئەو هەنگاوانەی نراون، وەک "پڕۆژەی بووژانەوە و هاوسەنگیی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و پڕکردنەوەی بیرە نایاساییەکان" بە بەراورد بە فراوانیی قەیرانەکە، بێبەرنامە و خاون.
ڕۆچوونی زەویی تاران؛ بوومەلەرزە بێدەنگەکە هۆشداریی شارەزایان ڕوون و ئاشکرایە: ئەگەر ڕەوتی بەفیڕۆدانی ئاو لە ئاوەڕۆ ژێر زەوییەکان ڕانەگیرێت، ڕۆچوونی زەویی تاران دەتوانێت بگاتە خاڵێکی "نەگەڕاوە"، کە لەو کاتەدا چاککردنەوەی ئاوەڕۆکان مەحاڵە و زیانەکانی ژێرخانەکانی تاران بە ئەندازەی زیانەکانی بوومەلەرزەیەکی گەورە وێرانکەر دەبێت، بەو جیاوازییەی کە ئەم بوومەلەرزەیە، بێدەنگ و لەسەرخۆیە.