عەمارە.. لەشەڕی نێوان دوو بنەماڵە ئەفسەرێکی کورد گولـلە بەر سەری دەکەوێت و بێهۆشە

گەنجێکی کورد لە نێوان شەڕ و پێکدادانی دوو بنەماڵەدا لە شاری عەمارەی ناوەندی پارێزگای میسان، فیشەکێک بەر سەری دەکەوێت و بەهۆیەوە بێهۆش دەبێت.
قوربانییەکە، ئەفسەرێکی پۆلیسی گەنجی کوردە و لە بەشی نەهێشتنی تاوان لە عەمارە کاری دەکرد، دوو مانگە لە نەخۆشخانەی غازی حەریری لە بەغدا بێهۆشە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە، خێزانی قوربانییەکەش سەرەڕای ئاشکرا بوونی تاوانبار لە ڤیدیۆی کامێرای چاودێریدا، گلەیی ئەوەیان هەیە کە تا ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.
باوکی قوربانییەکە، شێخ سەباح سەعدوڵڵا جاف، ڕایگەیاند، کە کوڕەکەی هیچ پەیوەندییەکی بەو شەڕەوە نەبووە و لە دووری تەنیا دوو مەترەوە تەقەی لێکراوە.
گوتیشی: تاوانبارەکان خەڵکێکی ناسراون، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێکیان دەستگیر نەکراون.
باوکی قوربانییەکە، داوای لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، هاوکارییان بکەن و تاوانباران دەستگیر بکرێن.