پسپۆڕێکی ئابووری: کوردستان24 ڕۆڵی لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بانکی و گرنگیی پارەدانی ئەلیکترۆنی هەبووە

پسپۆڕێکی ئابووری ستایشی ڕۆڵی کوردستان24 لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بانکی و گرنگیی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکات و دەڵێت: عێراق هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی هەرێمی کوردستان.

سێشەممە، 02ـی ئەیلوولی 2025، دکتۆر حوسێن ئەحمەد مستەفا، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ئابووری، لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی کوردستان24 کە لەلایەن سنوور ئالانییەوە پێشکەش کرا؛ باسی لە کاریگەری و گرنگیی پڕۆژەی "هەژماری من" بۆ ژێرخانی دیجیتاڵی هەرێمی کوردستان کرد. 

دکتۆر حوسێن ڕایگەیاند، پڕۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئابوورییەکی تەندروست و کۆمەڵگەیەکی بێ کاش. ئاماژەی بەوەش دا، پڕۆژەی "هەژماری من" و هەر پرۆژەیەک کە پاڵپشتی کەرتی بانکی بکات، گرنگییەکی زۆری بۆ بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ئەوەی خستەڕوو، یەکێک لە پێداویستییەکانی سەردەمی ئێستا چالاکبوونی کەرتی بانکییە و ئەمەش پێداویستییەکی سەرەکییە بۆ ئابوورییەکی تەندروست و هەموو کەرتە ئابوورییەکان. دووپاتیشی کردەوە، جیهان بەرەو کۆمەڵگەیەکی بێ کاش هەنگاو دەنێت، کە تێیدا هەموو مامەڵەکان لە ڕێگەی دیجیتاڵییەوە بەڕێوەدەچن.

سەبارەت بە بەراوردی "هەژماری من" بە سیستەمە بانکییەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو، دکتۆر حوسێن پرۆژەکەی بە "زۆر ڕێکوپێک" و "پیرۆز" وەسفکرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە چەند هەنگاوێکی دیکە بنرێت بۆ پەرەپێدانی پارەدانی دیجیتاڵی. ئەو بە پێویستی زانی، حکوومەت لە خۆیەوە دەستپێبکات و پاڵپشتی لە بنەمای پارەدانی دیجیتاڵی بکات، وەک دانانی کۆدی (QR) لەسەر پسوولەی خزمەتگوزارییە حکوومییەکان (ئاو و کارەبا) بۆ ئاسانکاریی پارەدان، و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای خاڵەکانی فرۆشتن (POS) لە بازاڕ و شوێنەکان.

ناوبراو هەروەها پێشنیاری کرد کە بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی "هەژماری من" پەرە بە "مۆبایل بانکینگ" و تەکنەلۆژیای (NFC) بدەن، بە جۆرێک کە مووچەخۆران پێویست نەکات بە فیزیکی سەردانی بانکەکان بکەن، بەڵکوو لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە کاری بانکییان ئەنجام بدەن. بە بڕوای دکتۆر حوسێن، جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە "شۆڕشێکی گەورە" لە پارەدانی دیجیتاڵی و بەهێزکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستاندا دێنێتە کایەوە.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ئەوەی خستەڕوو کە پرۆژەی "هەژماری من" خۆی بەشێکە لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، وەک ناسنامەی نیشتمانی، مۆڵەتی شوفێری، و پاسپۆرت، کە لە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوودان و عێراق هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە. ئەم خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانە بانکێکی زانیاری بۆ فەرمانبەران و هاوڵاتییان دروست دەکەن، بەڵام بێ پاڵپشتیی کەرتی بانکی چالاک، سوودێکی ئەوتۆیان نابێت.

دکتۆر حوسێن دووپاتیکردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت هەرچی زووتر بیر لە وەرگرتنی پارەی خزمەتگوزارییەکانی خۆی بە شێوەی دیجیتاڵی بکاتەوە، چونکە هێنانە دەرەوەی پارە لە بانکەکان و بردنەوەیان بۆ ماڵەوە مەترسیدارە و بەراوردی بە دەرهاوردنی خوێن لە جەستە کرد.

سەبارەت بە دروستکردنی متمانە لە نێوان بەکارهێنەران و بانکەکان، دکتۆر حوسێن سێ خاڵی گرنگی باس کرد:

1.  پاڵپشتی حکوومەت: بوونی گرێبەستی فەرمی و پابەندبوونی بانکە بەشداربووەکان، لەگەڵ چاودێریی بانکی ناوەندیی عێراقی.

2.  هۆشیاریی بانکی: ڕۆڵی میدیا وەک کوردستان24 لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بانکی و گرنگیی پارەدانی ئەلیکترۆن زۆر بە گرنگ و پێویستی زانی.

3.  متمانەی بەکارهێنەران: پەرەپێدانی متمانە لای هاوڵاتییان بە پاراستنی پارەکانیان لە بانکەکان لە مەترسییەکانی وەک فەوتان، دزی، سووتان، یان لەناوچوون.

 

لە کۆتاییدا، دکتۆر حوسێن نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەو "هێرشە گەورە و ناڕەوا و نابەجێیە"ی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە "مەبەستی سیاسی" کرایە سەر پرۆژەی "هەژماری من"، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆتاییدا دەرکەوت پرۆژەیەکی ڕێکوپێک و پێویستە، و سەردەمی هێنانی پارە بە گونیە بۆ فەرمانگەکان نەماوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم مانگە زیاتر لە 465 هەزار مووچەخۆری حکوومیی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی حوزەیران (شەش) بە شێوەیەکی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە وەردەگرن. 

ژمارەی فەرمانبەران کە بە دیجیتاڵی مووچەی مانگی شەش وەردەگرن، بەپێی پارێزگاکان:

1.  هەولێر: 262,050 فەرمانبەر. 

2.  سلێمانی: 71,120 فەرمانبەر. 

3.  دهۆک: 132,500 فەرمانبەر. 

4.  گشتی: 465,670 فەرمانبەر. 

 

جۆری سوودمەندانی مووچەخۆر:

- فەرمانبەری مەدەنی: 254,230

- پێشمەرگە و ئاسایش: 191,000

- خانەنشینەکان: 20,500

 
 
 
Fly Erbil Advertisment