رۆبینیۆ دەبێت 9 ساڵی تەواو لە زیندان بەسەرببات

دادگای باڵای بەرازیل رەتیکردەوە، رۆبینیۆی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل ئازاد بکات.
رۆبینیۆ بە تۆمەتی دەستدرێژی بە کۆمەڵ سزای 9 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا ماوە یاساییەکەی لە زیندان بەسەردەبات.
یاریزانە بەرازیلییەکە لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە تانەی لە بڕیارەکە دا، بەڵام دادگای باڵای بەرازیل رەتیکردەوە ئازادی بکات و دەبێت ئەو ماوەیەی ماویەتی لە زیندان تەواوی بکات.
دادگا ئەوەی راگەیاندووە، سەپاندنی سزا بەسەر یاریزانەکە بە زۆرینەی دەنگ بووە لە دانیشتنێکی ئاشکرادا.
مێژووی دۆسیەی یاریزانەکەی پێشووی ریاڵ مەدرید و ئەی سی میلان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013 کاتێك لە یانەیەکی شەوانە کچێکی ئەلبانی یادی لەدایکبوونی بووە و بە کۆمەڵ دەستدرێژی کراوەتەسەر، رۆبینیۆ یەکێك بووە لە کەسە دەستدرێژیکارەکان.
ساڵی 2017 لە ئیتاڵیا سزا بەسەر رۆبینیۆ سەپێندرا و ساڵی 2022 دادگای ئەو وڵاتە سزاکەی پشتڕاستکردەوە.
دەستووری بەرازیل رێگە نادات هاووڵاتییانی وڵاتەکەی رادەستی هیچ وڵاتێك بکرێت، بۆیە دادگەی ئیتاڵیا داوای کرد سزاکە لە وڵاتی خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە رۆبینیۆ لە 2017 گەڕابووەوە وڵاتەکەی.
دەسەڵاتدارانی بەرازیل بە داواکەی ئیتاڵیا رازی بوون و رۆبینیۆ لە بەرازیل زیندانی کرا.
بە درێژایی ماوەی دادگا یاریزانەکە بانگەشەی بێتاوانی دەکرد و دەیگوت: بەهۆی رەگەزپەرستییەوە سزا دەدرێت.
رۆبینیۆ ناوی خۆی رۆبسۆن دی سۆزایە و تەمەنی 41 ساڵە، لە مانگی ئاداری 2024ـەوە زیندانی کراوە، پێشتر یاریی بۆ یانەکانی سانتۆس، ریاڵ مەدرید، مانچێستەر سیتی و ئەی سی میلان کردووە.