ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژە بەوە دەکات، بابەتی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێکی یاساییە و پاش یەکلایی بوونەوەی داواکە لە دادگا لەبەرژەوەندی وەزارەتمان و تەواوکردنی  سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە بەرامبەر کۆمپانیای نالیا و چاڤی ، وە دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداری فرۆشتن لە وادەی دیاریکراودا لە ڕۆژنامە، فرۆشتنی سەرجەم موڵکە دەست بەسەرداگیراوەکان لە پڕۆسەی زیادکردنی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.

دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و دوای تەواو کردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لەلایەن فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی و فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی دەستگیرا بەسەر موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی لەبەرامبەر قەرزەکانی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی ، بەڵام وەک تێبینی دەکرێت لە هەندێک کەناڵی ڕاگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ هەبوونی زانیاری دروست و بەڵگەی یاسایی هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە و تەفسیری جیاواز بۆ بابەتەکە دەکرێت ، بۆیە بەپێویستمان زانی لە ڕێگای ئەم ڕوونکردنەوەیە بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ڕای گشتی و میدیاکان بخەینەڕوو.

1- بابەتی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێکی یاساییە و پاش یەکلایی بوونەوەی داواکە لە دادگا لەبەرژەوەندی وەزارەتمان و تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە بەرانبەر کۆمپانیای نالیا و چاڤی ، وە دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداری فرۆشتن لە وادەی دیاریکراودا لە ڕۆژنامە، فرۆشتنی سەرجەم موڵکە دەست بەسەرداگیراوەکان لە پرۆسەی زیادکردنی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.

2- ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەپێی وێنەی تۆمار بەناوی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن وە لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەکان بەناوی ئەو دوو کۆمپانیایەوە وەرگیراون ، بەپێی یاسا هەموو کۆمپانیایەک کەسایەتی واتایی (معنوی) هەیە ، هەر بۆیە ڕێکاری یاسایی بەرانبەر کۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەک تاکەکەس، وە گۆڕینی خاوەندارێتی کۆمپانیا کاریگەری نابێت لەسەر کەسایەتی واتایی کۆمپانیا و ئەو قەرز و پابەندییانەی لە ئەستۆی ماوەتەوە.

3- مێژووی وەرگرتنی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2010 ، 2011 ) کە ماوەی گەڕانەوەی قەرزەکە تەنیا دوو ساڵ بووە ، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە هەر دوو کۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەکانی لە کاتی خۆی بگەڕێننەوە ، لە ساڵی 2015 وە ئەم دۆسیەیە لە دادگا کاری لەسەر دەکرێت تاوەکوو دواجار لە ساڵی 2021 دۆسیەکە لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی یەکلایی بووەوە و ڕێکاری یاسایی پێویست گیرایەبەر .

4- لەبەرانبەر وەرگرتنی قەرزەکانیان کۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لەیاسا بارمتەکانیان چەند جارێک گۆڕیبوو، دواین جار چوار پارچە زەوییان وەک بارمتەی قەرزەکە دانابوو کە دوو جار یاسا شکێنی تیا کرا بوو ، یەکەم ئەو زەوییانە لە بنەڕەتدا سەوزایی و خزمەتگوزاری و شەقام بوون لە ناو ئەو پرۆژەیەی قەرزەکەی بۆ وەرگیرابوو، کەئەوەش مافی خاوەندارێتی بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە لەڕووی یاساییەوە بە هیچ جۆرێک نافرۆشرێت و ناخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە، دووەم ئەو خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو زەویانە کرابوو چەند هێندەی نرخی بنەڕەتی زەوییەکان بوو ، دوای هەوڵدانێکی زۆر و کاری چڕ و پڕ هەموو ئەو پێشێلکارییە یاساییانە ڕاست کرانەوە و دۆسیەکە لەلایەن دادگاوە پلەی کۆتایی وەرگرت و نیشانەی گلدانەوە لەسەر موڵکەکان دانراو داوا لە فەرمانگەی جێبەجێکردن کرا ڕێکاری پێویست بۆ فرۆشتنی موڵکەکان بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بگرێتە بەر، لەنێو سەدان موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی (60 ) موڵک دەستنیشان کران کە سەرجەمیان شایستەی فرۆشتنن بەپێی وێنەی تۆمار .

دووپاتی دەکەینەوە وەزارەتی دارایی پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و بەپێی بەڵگەنامە یاساییەکان کار لەسەر دۆسیەکان دەکات ، بۆیە بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا سەرجەم ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی قەرزاری بانکەکانی وەزارەتن و لەکاتی خۆی پابەند نەبوون بەگەڕانەوەی قەرزەکان، سەرجەمیان ڕێکاری یاسایی و ئیداریان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەست بەسەر ئەو موڵکانە گیراوە کە کاتی خۆی وەک بارمتە لەبری وەرگرتنی قەرزەکە دایان ناوە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردووشدا توانراوە بە بەهای زیاتر لە ( 110،000،000،000 ) سەدو دە ملیار دینار دەست بەسەر موڵکی خاوەن قەرزەکان بگیرێت و لەسەر وەزارەت تۆمار بکرێت، هەروەها بڕی زیاتر لە ( 25،000،000،000 ) بیست و پێنج ملیار دیناریش قەرز بەشێوەی کاش گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment