کێشەی سیستەمی ئەسیکۆدا تایبەت بە بازرگانی و کۆمپانیاکان لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر کرا

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سیستەمی ئەسیکۆدا بوو، تەنیا بازرگان و كۆمپانياكانى هەرێمى كوردستان باجى ناكۆكيەكەيان دەدا، بەڵام ئەمڕۆ چارەسەر کرا. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2025، بڵند مەم، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: خۆشبەختانە ئەمڕۆ كۆبوونەوەيەكى گرنگ و بەرهەمدار لەنێوان هەرێم و بەغدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتى ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتى گومرگ و بەڕێوەبەری کونترۆڵی جۆری لەگەڵ هاوتاكانيان و سامى سودانی ڕاوێژكارى سەرۆك وەزيرانى حكوومەتى عێراق بەڕێوەچوو، يەكێك لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە چارەسەر و ڕێککەوتن بوو لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا كە ئەم سيستمە لەماوەكانى ڕابردوو يەكێك بوو لە كێشە و ناكۆكيیەكانى نێوان هەردوولا.

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ئاماژەی بەوە کردووە، بازرگان و كۆمپانياكانى هەرێمى كوردستان باجى ناكۆكيیەكەيان دەدا، هەربۆیە ڕاستەوخۆ كاريگەرى خراپى بۆ سەر دۆخى بازاڕ و بازرگانى و ئابوورى كوردستان هەبوو،هەروەها لەڕێكەوتنەكە دا بڕيار دراوە  بە بەكار هێنانى ژمارەى بازرگانى كۆمپانياكان ( UEN ) پێكهاتووە لە چواردە ژمارەى بێ هاوتا بكرێتە بنەمايەك بۆ وەرگرتن و بەشدارى كردن لە سيستەمى ئەسیکۆدا.

بڵند مەم، باسی لەوە کردووە، بۆ لەمەو دوا كۆمپانياكانى هەرێمى كوردستان پێويستیيان بە ناسنامەى باج نابێت و لەگەڵ چارەسەر كردنى ئەم كێشەيە، كۆمپانياكانى كوردستان بەگشتى دەتوانن وەك كۆمپانياكانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق كارى بازرگانى هاوردە و هەناردەى خۆيان بەشێوەيەكى ئاسايی و ياسايی بەجێ بگەيەنن.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 42 هەزار کۆمپانیا تۆمارکراون و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکان دەکات بەتایبەتی ناوخۆییەکان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment