ترەمپ: خەریکە لە هێزی بۆشایی ئاسمان بە ڕووسیا و چین دەدۆڕێین

سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوەی نزیکەی هەفتەیەک هیچ دەرکەوتنێکی نەبووە، لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کرد و باسی لە دۆخی ناوخۆی ئەمەریکا و جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کرد، گوتیشی: لە هێزی بۆشایی ئاسمان زۆر لە دواوەی ڕووسیا و چینین.
سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە خەریکە لە هێزی بۆشایی ئاسمان زۆر بە خراپی لەگەڵ ڕووسیا و چین دەدۆڕێن، بۆیە بۆ پاراستنی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بڕیاری گواستنەوەی هێزی بۆشایی ئاسمانی بە ناوی ( space comm) لە کۆلۆرادۆ بۆ ئاڵاباما داوە.
باسی لەوەش کرد، ڕێژەی تاوان لە شیکاگۆ بەرز بووەتەوە، بە شێوەیەک لە دوو هەفتەی ڕابردوو 20 کەس کوژراو و 75 کەس تەقەی لێکراوە، بۆیە سوپا دەنێرینە شارە.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: لە ماوەی ڕابردوو دووبارەی قسەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتووش زانیاری نوێ دەبیستن. چاودێری دۆخەکەش دەکەم، ئەگەر هیچ بەرەوپێشچوونێک لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕوونەدات، ئەوا دەرەنجامێکی خراپ چاوەڕێیان دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک دوور لە چاوی میدیاکان بوو، لەباری هەواڵی مردنی گوتی: هەرچەندە ئاگام لەو هەواڵانە نەبووە، بەڵام ڕۆژانە هەواڵی ساختە زۆر دەبیستین.
گوتیشی: هەفتەی ڕابردوو چەندین کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی زۆر باشم کرد، پاشان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هیچم نەکرد و گوتیان "دەبێت شتێکی هەڵە ڕوویدابێت"، لە کاتێکدا، بایدن بۆ ماوەی چەندین مانگ دەرنەدەکەوت و هیچ کەسێک هەرگیز هەستی بە هیچ شتێکی هەڵە نەکرد.