غەززەییەکان چۆن سووتەمەنی پەیدا دەکەن؟ بۆ کوردستان24 ڕوونیدەکەنەوە

لە کاتێکدا کەرتی غەززە بەدەست قەیرانێکی قووڵی سووتەمەنییەوە دەناڵێنێت، گەنجان بە ناچاری پەنا دەبەنە بەر کۆکردنەوە و سووتاندنی پلاستیکی بەکارهاتوو بۆ دابینکردنی بڕێک سووتەمەنی سەرەتایی. 

گەنجێک کە ڕۆژانە سەرقاڵی کۆکردنەوەی پلاستیکە بە بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ڕۆژانە دەچینە ناوچە وێرانبووەکان و پلاستیکە بەکارهاتووەکان کۆدەکەینەوە. دواتر لە ناو کورەدا دەیانسوتێنین. ئەم کارە لەوپەڕی نائومێدیدا دەکەین تەنها بۆ ئەوەی ژیانمان بەڕێوەبچێت. هەرچەندە کارەکەمان مەترسیدارە بەهۆی دووکەڵی ژەهراوییەوە، بەڵام ناچارین بۆ مانەوە لە ژیان ئەم کارە بکەین."

ئەم سووتەمەنییە دەستکردە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ کارپێکردنی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و گواستنەوەی برینداران بەکاردێت. گەنجەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە "هەموو دڵۆپێک لەم سووتەمەنییە یەکسانە بە ژیانی کەسێک." ئەوان پێیان وایە تەنها ئەوانەی لەژێر گەمارۆدان هەست بە قورسی ئەم دۆخە دەکەن.

گەنجێکی دیکە ئاماژەی بەوەدا: "ئێمە سووتەمەنی دەستکرد لە سووتاندنی پلاستیکە کۆنەکان دروستدەکەین بۆ بەڕێکردنی کاری ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و نەخۆشخانەکان. بەڕاستی کارەکەمان زۆر سەختە."

لە ئەنجامی لەکارکەوتنی زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی، کوچە و کۆڵانەکانی غەززە چۆڵن و خەڵکی بە پێیادە گواستنەوە دەکەن. هاوکات، قەیرانی خۆراک و برسیەتی ژیانی خەڵکی گرتووەتەوە و زۆرێک لە نانەواخانەکان داخراون. وێرانبوون و خاپوورکردنی ماڵەکان بەردەوامە و ڕۆژانە لە زیادبووندایە.

گەنجێکی دیکە ئاماژەی بەوەشدا کە "ئەم کارەی دەیکەین سەرچاوەی داهاتمانە، هەروەها لە ڕێگەیەوە خزمەتێک بە وڵاتەکەمان دەکەین کە وێرانکراوە. ئێمە لێرە تەنها لەپێناو مانەوە لە ژیان دەجەنگین و هیچ هیوایەکمان نییە."

 
 
Fly Erbil Advertisment