پەروین بوڵدان: دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لای ئۆجەلان هێڵی سوورە

پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، داوا دەکات کۆمیسیۆنی پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە کۆببێتەوە؛ دەشڵێت: پرسی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ خودی ئۆجەلان، تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە و پێی ڕاگەیاندوون، کە بەلای ئەو هێڵی سوورن.
پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی، بە میدیاکانی نزیک لە پارتەکەی ڕاگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دیدارەکەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هێڵی سوورن، لەلای ئەو گرنگییەکی تایبەتیان هەیە.
بە گوتەکانی بوڵدان لە میانەی ئەو دیدارانەی لە ئیمراڵی کردوویانە، ئۆجەلان زیاتر باسی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کردووە و کەمتر چووەتە نێو باس و پرسی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام چەند جارێک جەختی کردووەتەوە، کە ڕۆژئاوای کوردستان لای ئەو هێڵی سوورە.
سەبارەت بە کۆمیسیۆنی پڕۆسەی ئاشتی، پەروین بوڵدان دەڵێت: نابێت کەس بە هەڵە تێبگات، ئەو کۆمیسیۆنە بۆ چارەکردنی کێشەی کورد دانەمەزراوە، تەنیا بۆ قۆناغی چەکداماڵین و چەند بابەتێکی تایبەت بە پەکەکە دامەزراوە، کە ڕۆڵ و ئەرکی کۆمیسیۆنەکە جێگەی بایەخە.
ئەندامەکەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی داوای کرد، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە، گوتیشی: ئۆجەلان زۆر باس و بابەتی هەیە بۆ ئەوەی بە کۆمیسیۆنەکە بڵێت.