کاتی فرۆشتنی موڵکەکانی کۆمپانیای 'چاڤی' ئاشکرا کرا

وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە کاتی فرۆشتنی 60 موڵکی کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری و هاوپشکەکانی. ئەم موڵکانە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانییەوە دەفرۆشرێن.
لە ئاگادارییەکەدا، کە لە پەیجی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، وردەکاری و تایبەتمەندییەکانی سەرجەم موڵکەکان بە شوێن و جۆرەوە خراوەتەڕوو.
هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکردنی لە زیادکردنەکەدا هەبێت، پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بکات و لە بەشی ژمێریاری، بارمتەیەکی یاسایی بە ڕێژەی 10%ی نرخی خەمڵێندراوی موڵکەکان دابنێت. هەروەها، بەشداربووان دەبێت کارتی نیشتمانی و کارتی زانیارییان پێ بێت.
بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و فرۆشتنی موڵکەکانی کۆمپانیاکە و هاوپشکەکانی، لە بەرامبەر ئەو قەرزانەیە کە لە بانکی سلێمانی/1 لەسەریان کەڵەکە بووە، کە بڕەکەی 91 ملیار و 760 ملیۆن و 660 هەزار و 350 دیناری عێراقییە.
زیادکردنەکە لە ماوەی 30 ڕۆژدا، لە ڕۆژی دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ئاگادارییە لە ڕۆژنامەدا، لە بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی، کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە ( 90/ دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە / 2021/ ڕاستکردنەوە ) لە20-10-2021 تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری، هەروەها ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە ( 2024/684) لە 22-9-2024 تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە ( حجز ) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی، دەستیان بەسەر 60 موڵکەکانی هەردوو کۆمپانیا دا گرتووە.