سوودمەندانی "هەژماری من" 900 هەزار کەسیان تێپەڕاند

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03ـی ئەیلوولی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 900 هەزار فەرمانبەری حکوومی بە سەرکەوتوویی لە پڕۆژەی "هەژماری من" ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکی گەورەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی کاش، بە ئاراستەی گەشەپێدانی خزمەتگوزاری گشتیی مۆدێرن.
پڕۆژەی "هەژماری من" بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و حەوت بانکی هاوبەش و لقەکانیان جێبەجێدەکرێت. ئامانجی پڕۆژەکە خزمەتکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن سوودمەندە لە بانکە ڕێکخراوەکاندا.
دابەشبوونی تۆمارکراوان بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیەیە:
- هەولێر: 401,815 سوودمەند.
- سلێمانی: 278,630 سوودمەند.
- دهۆک: 220,155 سوودمەند.
- کۆی گشتی: 900,600 سوودمەند.
ئەم مانگە، زیاتر لە 465,000 سوودمەند مووچەیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەرگرت لە ڕێگەی تۆڕێکی بەرفراوان کە نزیکەی 450 ئامێری پارە ڕاکێشان (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بڵاون. هەروەها، هەزاران خانەنشین لە قۆناغی تاقیکردنەوەدان بۆ وەرگرتنی مووچەی دیجیتاڵی.
شوباتی ساڵی 2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی "هەژماری من"ی ڕاگەیاند. ئەم پڕۆژەیە وەک بەشێک لە ستراتیژی کابینەی نۆيەم دێت بۆ نوێکردنەوەی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی کاش.
بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی پڕۆژەی "هەژماری من"، هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی www.myaccount.gov.krd بکەن یان پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاری "هەژماری من"ەوە بکەن لەسەر ژمارە 1991.