بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا: حکوومەتی عێراق دەیەوێت سوود لە پڕۆژەی 'ڕووناکی' وەربگرێت
بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی عێراق خواستی خۆی بۆ سوودوەرگرتن لە پڕۆژەی "ڕووناکی" هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. ئاماژە بەوەش دەدات، ئاستی بەکارهێنانی کارەبا بە 30% کەمیکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03ـی ئەیلوولی 2025، فارس میرخان، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبا بە وەکالەت، لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی کوردستان24 کە لە لایەن سنوور ئالانییەوە پێشکەش کرا؛ باسی لە فراوانبوونی پڕۆژەی 'ڕووناکی' و بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کرد.
"عێراق دەیەوێت سوود لە پڕۆژەی 'ڕووناکی' وەربگرێت"
لەسەر هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی، نزیکەی چوار ملیۆن هاووڵاتی لە کارەبای 24 کاتژمێریی پڕۆژەی 'ڕووناکی' سوودمەندن و پڕۆژەکە ڕۆژانە لە فراوانبووندایە.
فارس میرخان ئاماژەی بەوە دا، شاندێکی وەزارەتی کارەبای عێراق سەردانی هەولێری کردووە، لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەتەوە و دەیانەوێت سوود لە کارەبای 24 کاتژمێریی پڕۆژەی "ڕووناکی" وەربگرن؛ "چونکە پڕۆژەکە نەک تەنها لە عێراق و ناوچەکە، بەڵکوو لە سەرتاسەری جیهان دەنگدانەوەی هەبووە."
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبا ئەوەشی خستەڕوو کە دوای ڕاگەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری، ئاستی بەکارهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 30٪ کەمیکردووە، ئەمەش نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتییانە.
"بەرهەمهێنانی کارەبا زیادی کردووە"
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبا باسی لەوە کرد، لە کابینەی نۆیەم، بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، 1890 مێگاوات زیادیکردووە. وەک خۆی گوتی، سەرچاوەکانی وزە بۆ ئەم زیادبوونە بریتی بوون لە گاز، نەوتی ڕەش، ئاو، وزەی خۆر، و بۆ یەکەمجار، سوودوەرگرتن لەو گازەی کە لە پاڵاوگە نەوتییەکاندا بە فیڕۆ دەچوو، کە وێستگەیەکی 160 مێگاواتی لە گەرمیان لەسەر ئەو گازە کار دەکات.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەیەکی دیکە لە جێبەجێکردندایە کە بریتییە لە سوودوەرگرتن لە زبڵ و خاشاک بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، کە کۆمپانیایەکی ئیماراتی کاری لەسەر دەکات و بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
لەبارەی تۆڕەکانی کارەبا، فارس میرخان گوتی، پڕۆژەکانی گواستنەوەی کارەبا لە ئێستادا لەژێر جێبەجێکردندان، وەک گواستنەوەی کارەبای وێستگەیەکی 132 'کەی ڤی' لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و هەروەها پڕۆژەی 132 'کەی ڤی' وێستگەی بەحرکە.
جەختی لەوەش کردەوە کە لە کابینەی ئێستای حکوومەتدا، گرنگییەکی زۆر بە وزەی خۆر دراوە و 40 مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەم دەهێندرێت، بەتایبەتی کە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 ڕۆژ لە ساڵێکدا خۆر هەیە و دەتوانرێت بە شێوەیەکی باش سوودی لێوەربگیرێت.