ئەحمەد سەحاف: ئەو گەنجانەی کۆچی نایاسایی دەکەن ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە

ماوەی 21 ڕۆژە 25 گەنجی کورد لە لیبیا دەستبەسەرکراون و بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەڕابلوس، ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تەواوی ڕێککارەکان بۆ گەڕاندنەوەی 25 گەنجەکەی هەرێمی کوردستان تەواو بوون، 9ـی ئەم مانگە  کاتژمێر حەوتی بەیانی بەکاتی لیبیا بە هێڵی تورکیا دەگەڕێنەوە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ و دواتر دەگەڕێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

ئەحمەد سەحاف گوتی: تیکتی گەڕانەوەی هەر 25 گەنجە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم دابینکراوە، ماوەی 40 ڕۆژە چاودێری ئەو گەنجانە دەکەین، دۆخی تەندروستییان زۆرباشە و بەهیچ شێوەیەک ئەشکەنجە نەدراون و لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخیان دەکەین، سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم دەکەین.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گەنجانە 21 ڕۆژە لە لیبیا دەستبەسەرکراون، ژمارەی ئەو گەنجە عێراقییانە دەگاتە 88 کەس، زۆرینەیان خەڵکی شارۆچکەی ڕانییەن لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، هەرچەندە پێشووتر داوامان لە کەسوکاری خانەوادەکان کردووە، ڕێگە بە گەنجەکانیان نەدەن بەڕێگەیی نایاسایی کۆچی دەرەوە وڵات بکەن.

باسی لەوەش کرد، ئەو گەنجانەی کۆچی نایاسایی دەکەن، ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، دووچاری لێپرسینەوە یاسایی دەبنەوە، هەروەها مەترسی ئەمنی و تەندروستی لەسەر ژیانیان دروست دەکات.

هاوکات، ئەمڕۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردە و پشتگیرى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رێکارەکانى گەڕانەوەى ئەو گەنجانە بۆ هەرێمى کوردستان تەواوکران و پاسپۆرت و تیکتى گەڕانەوەیان بۆ دابین کرا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment