گەشتوگوزاری سۆران: ژمارەیەک پرۆژەی گەشتیاریی جێبەجێ دەکرێن

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت: سۆران دەبێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاریی و لە دوای تەواوبوونی ژمارەیەک پرۆژەی گەشتیاریی ڕێژەیی هاتنی گەشتیاران زیاد دەبێت لەو سنوورە.
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ژمارەیەک پرۆژەی تایبەت بە کەرتی گەشتوگوزار دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە، گرنگترینیان ماستەر پلانی گەشتیارییە لە گەلی عەلی بەگ و هاوینەهەواری بێخاڵ لەگەڵ چیای بابپشتیان.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران گوتی: کارکردن لە کوڕنیشی کاولۆکان یەکێکە لە کارەکانمان تایبەت بە کەرتی گەشتیاری، بەڵام ئەم پرۆژەیە لە قۆناغی سەرەتا دایە و کارکردنی زۆر تێدا ماوە، بە تەواوبوونی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی دەکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کار بۆ ئەوە دەکەین، پرۆژە گەشتیارییەکان گشتیی بن، بۆ ئەوەی خانەوادەکانی ئەو سنوورە بتوانن کەشێکی ئاسودە بەسەربەرن، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی ڕەخساندنی ژمارەیەکی زۆری هەلیکار.
فەیسەڵ سادق، گوتیشی: لە چۆمان، سیدەکان، خەلیفان و چەندین شوێنی دیکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پلانی گەشتیاری دانراوە و پرۆژەی تایبەتیان لێ دروستدەکرێت.
ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران، وەک جوندیان، باڵەکایەتی، سیدەکان و خەلیفان، بەهۆی کەشوهەوا فێنک و سروشتە دڵڕفێنەکەیانەوە، بوونەتە مەڵبەندێکی گرنگی گەشتیاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.