حکومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی پرسی شنگال رێککەوتن

"رێککەوتنێکی مێژووییە"

K24- هەولێر:

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی شنگال راگەیاند.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ ئاشکرایکردووە، رێککەوتنێکی مێژووی لە بارەی شنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا ئەنجام دراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، رێککەوتنەکە کۆتایی بە دەسەڵاتی گروپە نەویستراوەکان لە ناوچەکە دەهێنێت و رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکەکەی.

لەوبارەوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، بە ئامادەبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی هەرێم و بەغدا، رێککەوتنێکی باش کراوە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەمنی، سەربازی و ئیداریی شنگال.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا ئامانجمان ئەوەیە رەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.