سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: پارتی چاوەڕێی یەکێتییە بۆ پێکهێنانی حکوومەت پێش هەڵبژاردنی عێراق

پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەگەر تا پێش هەڵبژاردن حکوومەت پێک نەهێنرێت، ئەوا گفتوگۆی پێش و دوای هەڵبژاردن جیاواز دەبێت.
سەرچاوەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نزیکەی 20 ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پارتی چاوەڕێی ئەوەیە بەر لە هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتیی حکوومەت پێک بهێنن، بەڵام ئەگەر یەکێتی ئەو کارە نەکات و ئامادە نەبێت حکوومەت پێش هەڵبژاردن پێک بهێنێت، ئەوا گفتوگۆکانی پارتی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتیی بۆ پێکهێنانی حکوومەت جیاواز دەبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان ڕازی بووە، جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی و چەند وەزارەتێکی دیکە بدات بە یەکێتی.
هەروەها سەرچاوەیەکی دیکەش بۆ کوردستان24 گوتی: با ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێوەر بێت و هەر لایەنە و ئیستیحقاقی خۆی وەرگرێت، ئەگەرنا یەکەمبوون چ سوودێكی هەیە، یان هەڵبژاردن چ سوودێکی هەیە.