ناتانياهۆ: دوێنێ 153 تۆن بۆمبمان بەسەر غەززەدا بەردایەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، دووپاتی کردەوە، هێزی ئاسمانیى ئیسرائیل دوێنێ یەکشەممە، 153 تۆن بۆمبی بەسەر کەرتی غەززەدا بەرداوەتەوە.
ناتانیاهۆ لەسەر سەکۆی کنێست لە کاتی دانیشتنی کردنەوەی خولی زستانەدا گوتی: دوێنێ 153 تۆن بۆمبمان بەسەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەدا بەرداتەوە، دوای کوژرانی دوو سەربازمان بە دەستی چەکدارانی حەماس.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە کوژرانی دوو سەربازی لە کاتی پێکدادانەکاندا لە ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە ڕاگەیاندبوو.
دوای ئەنجامدانی چەندین زنجیرە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەرتی غەززە و تۆمەتبارکردنی حەماس بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: جارێکی دیکە پابەند دەبێت بە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ حەماس.
حەماس نکۆڵی کرد لەوەی زانیاری هەبێت لەبارەی پێکدادانەکان لە ڕەفەح، هەروەها جەختی لە پابەندبوونی تەواوی خۆی بە ئاگربەستەکە کردەوە کە لە 10ـی تشرینی یەکەم چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ناتانیاهۆ گوتی: لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە سەردانی ئیسرائیل بکات، تاوتوێی ئاستەنگ و دەرفەتەکانی ناوچەکە دەکەن.
ناتانیاهۆ لە گوتارەکەیدا بۆ کنێست، گوتی: چاوەڕێ دەکەم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕێککەوتننامەی ئاشتی لە ناوچەکەدا واژۆ بکەین.