پەیامێك لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی رێکەوتنی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال

"دوای ئیمزاکردنی رێکەوتنەکە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق بەڕێز مستەفا کازمی گفتوگۆمان دەربارەی رێکەوتنەکە کرد و سوپاسی تیمی هەردوولا دەکەین بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم رێکەوتنە گرنگە"

K24- هه‌ولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە بارەی ئەو رێکەوتنە بڵاوکردەوە، کە ئەمڕۆ هەینی 2020/10/9 لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ئیمزا کرا، لە پێناو ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال.

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

رێکەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال، ئەنجامی کارکردنی جیددی و دانوستانی چەندین مانگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵە، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شەنگال کە رووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆر بوونەته‌وە لە سەر دەستی تیرۆریستانی داعش. بێگومان ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، رۆڵێکی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵکی ناوچەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. هەردوولا رێکەوتووین لە سەر ئەوەی، شەنگال لە رووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوە ببرێت. ئەم رێکەوتنەش سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور.

دوای ئیمزاکردنی رێکەوتنەکە، لە گەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڕێز مستەفا کازیمی، گفتوگۆمان دەربارەی رێکەوتنەکە کرد و سوپاسی تیمی هەردوولا دەکەین، بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم رێکەوتنە گرنگە. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەگەر هەماهەنگیی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هەبێت، دەتوانین زۆر دەسکەوتی دیکەش بە دەست بهێنین لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش. ئێمە پشتگیریی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لە پێناو بنیاتنانەوەی ئەو وێرانکارییەی، تیرۆریستانی داعش لە شەنگال ئەنجامیاندا. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خاتوو جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بکەم، بۆ پشتیگریی و بەشداریکردنی راستەوخۆی لە بە ئەنجام گەیشتنی ئەم رێکەوتنەدا.

مەسرور بارزانی

 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/10/9

H.B