بەرپرسانی ئەمەریکا: ڕێگری لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە غەززە دەکەین

بەرپرسانی ئەمەریکی ئاشکرایان کرد، ستراتیژی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێگریکردنە لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کەرتی غەززە. ئەمەش لە کاتێکدایە نیگەرانییەکان لەناو ئیدارەی ئەمەریکادا لە زیادبووندایە سەبارەت بە ئەگەری پووچەڵکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ناتانیاهۆوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاندووە سەرۆک ترەمپ باوەڕی وایە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس ئامادەن بە نیازپاکی لە دانوستانەکان بەردەوام بن.
لە هەوڵێکدا بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی ڕێککەوتنەکە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لەگەڵ بیتسەلیئێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا، بێسێنت داوای لە سمۆتریچ کردووە "بە تەواوی" پابەندی پلانی ئاشتیی غەززە بن کە لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە خراوەتەڕوو. ئەمە لە کاتێکدایە سمۆتریچ یەکێکە لە دژبەرە سەرسەختەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست.
شاندێکی باڵای ئەمەریکی بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و جارید کوشنەر، ڕاوێژکاری کۆشکی سپی، لەگەڵ ناتانیاهۆ کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی ناوچەکە و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی ئاگربەست. ستی حەماس
لای خۆیەوە، بزووتنەوەی حەماس جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنەکەوە کردووەتەوە، بەتایبەتی لەبارەی گەڕاندنەوەی تەرمی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان. حەماس ڕایگەیاندووە لەم پڕۆسەیەدا ڕووبەڕووی "سەختیی زۆر" بوونەتەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە تەرمەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندان و دۆزینەوەیان پێویستی بە کەرەستەی تایبەت هەیە.
بزووتنەوەکە هیوای خواست هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە زیاتر بکرێت و دووپاتی کردووەتەوە، خوازیاری جێبەجێکردنی تەواوەتیی ڕێککەوتنەکەن.