ئیسرائیل ناوی شەڕی غەززە دەگۆڕێت و بە بەربەست کەرتەکە دابەش دەکات

 حکوومەتی ئیسرائیل دوو هەنگاوی گرنگی ڕاگەیاند: یەکەمیان گۆڕینی ناوی شەڕی غەززە بوو بۆ "شەڕی ڕابوون"، دووەمیشیان دانانی بەربەستی کۆنکرێتییە، کە بە "هێڵی زەرد" ناسراوە و سنووری نوێی جێگیربوونی سەربازانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دیاری دەکات.

حکوومەتی ئیسرائیل بە فەرمی ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر گۆڕینی ناوی شەڕی غەززە لە "شمشێری ئاسن"ـەوە بۆ "شەڕی ڕابوون". بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە سەرەتای کۆبوونەوەی کابینەکەیدا ڕایگەیاند: "پێشنیازێک پێشکەش دەکەم بۆ پەسەندکردنی ناوێکی فەرمی و هەمیشەیی بۆ شەڕەکە. دوای دوو ساڵ شەڕ، بیرمان دێتەوە چۆن لە کارەساتی ترسناکی 7ـی ئۆکتۆبەر هەڵساینەوە. ئەمە شەڕی ڕابوونەوەی گەلەکەمانە و درێژکراوەی شەڕی سەربەخۆییە."

هاوکات لەسەر زەوی، سوپای ئیسرائیل دەستیکردووە بە دانانی نیشانەی مەیدانی بەدرێژایی ئەو هێڵەی کە بەپێی مەرجەکانی ئاگربەست بۆی کشاوەتەوە. بەربەستی ڕەنگ زەردی کۆنکرێتیی و هێمای هۆشیارکەرەوە دادەنرێن، بۆ دیاریکردنی سنووری ناوچەی سەربازی.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، فەرمانی دانانی ئەم نیشانانەی دەرکردووە و ڕایگەیاندووە، ئامانج لێی دیاریکردنی سنووری کۆنترۆڵی سەربازییە. کاتز گوتیشی: "ئەم نیشانانە وەک ئاگادارکردنەوەیەک وان بۆ چەکدارانی حەماس و دانیشتووانی غەززە، کە هەر پێشێلکارییەک یان هەوڵێک بۆ بەزاندنی هێڵەکە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ وەڵام دەدرێتەوە."

بەپێی ڕۆژنامەی "تایمزی ئیسرائیل"، "هێڵی زەرد" زیاتر لە نیوەی کەرتی غەززە دەگرێتەوە نزیکەی 53٪ی خاکەکەی کە زۆربەی ناوچە کشتوکاڵی و دوورەدەستەکان لەخۆدەگرێت. هەرچەندە سوپای ئیسرائیل سەربازێکی بەردەوامی لە تەواوی ناوچەکەدا نییە، بەڵام بنکە سەربازییەکانی لە نزیک سنووری ئیسرائیل جێگیر کردووە.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment