ڤیان دەخیل: حکوومەتی عێراق هیچی بۆ ئێزدییەکان نەکردووە

ڤیان دەخیل ڕایدەگەیەنێت، گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال پێویستی بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هەیە و دەڵێت: ئەوەی پشتگیریمان دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، حکوومەتی عێراق هیچی بۆ نەکردووین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04ـی ئەیلوولی 2025، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان، بەتایبەتی بۆ شنگال، زۆر گرنگە و پەرلەمان هەموو هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەیان دەدات.
ڤیان دەخیل جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال کردەوە و گوتی "پێش گەڕانەوەی ئاوارەکان، پێویستە قوتابخانە، نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکانی شنگال ئاوەدان بکرێنەوە و کارەبا و ئاویش بۆ خەڵکەکەی دابین بکرێن، ناکرێت بگەڕێنەوە و لەنێو داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا بژین."
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دووپاتیشی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتگیریی شنگال دەکات، بە ناردنی پزیشکی نەشتەرگەری و پسپۆڕ و ستافێکی گەورە بۆ چارەسەرکردنی خێزانە ئێزدییەکان.
ناوبراو ڕەخنەی توندی لە حکوومەتی عێراق گرت و ڕایگەیاند: "ئەوەی پشتگیریی بەردەوامیی ئێمە دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام حکوومەتی عێراق هیچی بۆ ئێمە (ئێزدییەکان) نەکردووە."