ئەمشەو هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی زبڵ و خاشاکی ناو شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت
ساڵانە لەدوای یادی مەولوود شاری هەولێر خاوێندەکرێتەوە

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، 20 کرێکار لەگەڵ گرووپێکی خۆبەخش ئەمشەو زبڵ و خاشاکی ناو شار کۆدەکەینەوە و فڕێ دەدرێت.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و خزمەتگوزاری هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمشەو هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی نێو سەنتەری هەولێر دەستپێ دەکەین، ساڵانە لە بۆنەی مەولوود تیمەکانی ژینگەپارێزی زبڵ و خاشاک فڕێ دەدەن.
بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و خزمەتگوزاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، 20 کرێکار لەگەڵ چەند ئۆتومبێلێکی پاککردنەوە بەشدار دەبن، هەروەها گرووپێکی خۆبەخشی پەیوەندییان کردووە و لەگەڵمان بەشدار دەبن لەو هەڵمەتە.
هەموو ساڵێک دوای تەواوبوونی یادی مەولوود لە بازاڕی هەولێر، تیمەکانی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە ڕێگەی چەند تیمێکەوە تەواوی زبڵ و خاشاکەکەی فڕێ دەدەن و دەربردرێتە زبڵخانەی کانی قرژاڵە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد دروودی خوای لەسەربێت کرایەوە و لە هەولێری پایتەخت بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆنەکە بەرز ڕاگیرا.