شاندێکی حه‌ماس له قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عراقچی دۆخی غه‌ززه‌یان تاوتوێ كرد

شاندێکی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی له پایته‌ختی قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران كۆده‌بێته‌وه و تاوتوێی دۆخی غه‌ززه و دوایین هه‌وڵه‌كان بۆ كۆتاییهینان به نه‌هامه‌تییه مرۆییه‌كان و كێشه سه‌ربازی و سیاسییه‌كانیان كرد.
پێنجشه‌ممه، 4ـی ئه‌یلوولی 2025، شاندێکی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی به سه‌رۆكایه‌تی خه‌لیل یه‌حیا، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌كه له غه‌ززه له‌گه‌ڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەری لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبووەوە.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوی حه‌ماس، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه و نه‌هامه‌تییه مرۆییه‌كان كرا. هاوكات باس هه‌وڵه‌كانی ئیسرائیل بۆ لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا و دابەشکردنی مزگەوتی قودس كرا.
حه‌ماس ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆیان له‌سه‌ر هه‌وڵ و ده‌ستپێشخه‌ری و نێوه‌ندگیرییه‌كانی میسر و قه‌ته‌ر كردووه بۆ ڕاگرتنی شه‌ڕی غه‌ززه و كۆتاییهێنانی یه‌كجاره‌كی شه‌ڕه‌كه.
بزووتنەوەی حه‌ماس گوتووشیه‌تی، شانده‌كه‌یان هێرشه‌كانی ئیسرائیلیان بۆ سه‌ر ئێران له حوزه‌یرانی ئه‌م ساڵدا سه‌ركۆنه كردووه و پشتگیریی خۆیان بۆ تاران دووپات كردووه‌ته‌وه.
حه‌ماس ده‌شڵێت، عراقچی پشتیوانی گه‌ل و حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین و دۆزه‌كه‌ی دووپات كردووه‌ته‌وه.