سەرۆک بارزانی گەیشتە شارەوانیی پاریس

سەرۆک بارزانی و  ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس
سەرۆک بارزانی و ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس

سەرۆک بارزانی گەیشتە شارەوانیی پاریس و لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی شارەکە کۆدەبێتەوە.

هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، شەوقی کانەبی، نێردراوی کوردستان24 بۆ پاریس، گوتی: سەرۆکی بارزانی گەیشتە باڵەخانەی شارەوانیی پاریس و کەمێکی دیکە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە دەست پێ دەکات.

نێردراوی کوردستان24 بۆ پاریس، ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکی شارەوانیی پاریس چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە لای ئەوانە پێشنیاز کراوە ڕێگەیەک بە ناوی پێشمەرگە لە پاریس بکرێت بۆ مەبەستی ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی ئەو هێزە کوردییە.

شەوقی کانەبی ڕایگەیاند: دوای کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، هەردوولا سەردانی پارکی ئۆندری سیترۆێن دەکەن و لەوێدا لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادەدرێت، هەروەها ڕێگەی پێشمەرگەش دەکرێتەوە، پاشان کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن.

فەرەنسا ئەو وڵاتەی بە درێژایی مێژوو، بە دۆستی کورد ناسراوە و سەرکردەکانیان بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەتەنگانەدا دەستی هاوکارییان بۆ گەلی کورد درێژ کردووە. بە تایبەتی لە کۆڕەوە ملیۆنییەکەی کورد لە 1991 خاتوو دانیێل میتێران، هاوسەری فرانسوا میتێران سەرۆکی پێشتووتری فەرەنسا سەردانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەچاوی خۆی ئەو نەهامەتییەی بینی کە بەسەر کورددا هاتبوو.

لادانی پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لە پایتەختی وڵاتێکی وەک فەرەنسا، مانا و مەبەستی گەورەی لە پشتە، کە ناوی پێشمەرگە دێت لە بیرکردنەوەی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، ڕۆڵەیەکی ئازا و گیانفیدا وێنا دەکرێت. وەکو پێناسەیەکی سەرەکی بە بەردەوامی باس لەوە کراوە کە پێشمەرگە بۆ نەتەوەکەی خەبات دەکات و ئامادەیە لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخت بکات. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment