سەرۆک بارزانی بۆ کوردستان24: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگ و مێژووییە

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی پێناسە کرد. هەروەها گوتی: پەیوەندیی گەلی کوردستان و فەرەنسا مێژووییە.

پێنجشەممە 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک بارزانی، لە نێو باڵەخانەی شارەوانیی پاریس، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: زۆر خۆشحاڵم کە سەردانی پاریسم کردووە و سوپاسی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەکە دەکەم.

لە بارەی لادانی پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە و کردنەوەی شەقامی پێشمەرگە لە پاریس، سەرۆک بارزانی گوتی: ئەمە کارێکی زۆر گرنگ و مێژووییە، نیشاندەری ئەوەیە کە پەیوەندیی گەلی کوردستان و فەرەنسا مێژووییە و بەردەوامی بەو پەیوەندیییانە دەدەین.

دەشڵێت: ناونانی شەقامێک لە پاریس بە ناوی پێشمەرگە، بەڵگەیەکی گەورەیە لەسەر گرنگیدانی فەرەنسا بە گەلی کورد.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگ و مێژووییە و پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بۆ ئەم ڕێوڕەسم و ڕۆژە پیرۆزە.

لای خۆیەوە ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ توانیومە جارێکی دیکە پێشوازی لە سەرۆک بارزانی بکەم، ئەمە بۆ من زۆر تایبەتە. سەرەڕای ئەوەش پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ پەیمانگای کورد لە پاریسدا هەیە."

بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی 'ئۆندرێ سیترۆین'، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لابدرێت.

بەم بۆنەیەوە، ئەمڕۆ لە شارەکە، ڕێورەسم و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن کە گوزارشت لە ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی پیشمەرگە و گەلی کوردستان دەکەن، هەروەها شاندێکی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرین، کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لەسەر ئاستی فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپی بەشداریی چالاکییەکان دەکەن.

فەرەنسا ئەو وڵاتەی بە درێژایی مێژوو، بە دۆستی کورد ناسراوە و سەرکردەکانیان بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەتەنگانەدا دەستی هاوکارییان بۆ گەلی کورد درێژ کردووە. بە تایبەتی لە کۆڕەوە ملیۆنییەکەی کورد لە 1991 خاتوو دانیێل میتێران، هاوسەری فرانسوا میتێران سەرۆکی پێشتووتری فەرەنسا سەردانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەچاوی خۆی ئەو نەهامەتییەی بینی کە بەسەر کورددا هاتبوو.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment