سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری وزەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
باس لە وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا کرا
K24- هەولێر:
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 2020/10/9 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دان برولیێت وەزیری وزەی ئەمەریکا، پەيوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا، بەتایبەتی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە بواری وزەی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک کە لە بەررژەوەندی هەردوولادا بێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتگیریی و هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە هەموو ڕوویێکەوە .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پەڕەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان دەکات، بە تایبەتی لە بواری وزە و گازی سروشتیدا. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، دەکرێ هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی گرنگ بۆ وەبەرهێنان لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا.