هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەکرێت لە کوردستان

وەزیری تەندروستی: پێویستمان بە تووندکردنەوەی رێکارەکان هەیە

K24 - هەولێر

بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی فراوان دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتا جیهانییە لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری تەندروستی، ئەمڕۆ (شەممە، 10-10-2020) لەگەڵ فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بۆ چاودێریکردن و ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستی، سەردانی شەقڵاوەی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا ئاشکرای کرد، هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بۆ رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی گوتی "لە بەرنامەدایە لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی لیژنەی پلاندانان لەگەڵ بەڕێزان پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان بکەین، بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بەو رێکارانەی وەکو مەرجی تەندروستی دانرابوون بۆ ئاساییبوونەوەی ژیان، بەدڵنیاییەوە (جێبەجێکردنی) ئەو رێکارانە بەشێکی لەسەر دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەشی سەرەکیی لەسەر ئەستۆی هاووڵاتییە".

وەزیری تەندروستی هەروەها رایگەیاند "هاووڵاتی پێوستە خۆی و ماڵ و منداڵی لە شوێنی دەوامکردن، لەناو بازاڕ و لەو شوێنانەی گەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی، بپارێزێت؛ ئەمەش بە بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوە دەکرێت، چونکە رەوشی ئێستا وادەخوازێت. لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکەش جارێکی دیکە هەڵکشانیکی دیکە لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا هەیە، بۆیە ئێمە ئێستا لە وەرزی پاییزین و زستانمان لەپێشە، پێویستمان بە تووندکردنەوەی رێکارەکان هەیە بەتایبەتی لەسەر ئاستی تاکەکەسی".

لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تووشبوون بە کۆرۆنا بەردەوام، لە بەرزبوونەوەدا بووە، بەجۆرێک لەماوەی ئەم مانگەدا بەتێکڕا رۆژانە زیاتر لە 600 کەس تووشی ئەو پەتایە بوون.

هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، یەکێک بوو لەو شوێنانەی بەگوتەی شارەزایان بە باشترین شێوە رێگەی لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا گرت بەهۆی تووندی ریکارەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەڵام لەگەڵ ئاسانکردنی رێکارەکان، ژمارەی تووشبووان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

بەگشتی بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، تائێستا 54 هەزار و 357 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 1949 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

 

هـ.ر.