ڤیان دەخیل: ئێستا حکومەتی عێراق پارە بۆ پەکەکە لە شنگال نانێرێت
رێککەوتنەکە گرنگی زۆری هەیە
K24- هەولێر:
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لە ساڵی 2016ەوە، گروپی جیاوازی وەک حەشدی شەعبی و پەکەکە هاتنە ناو شنگال ئەمەش دۆخەکەی خراپتر کرد، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا گرنگی زۆری هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.
راشیگەیاند، پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ رێککەوتنەکە چونکە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەکان و دووبارە بونیادنانەوەی شنگال. هەروەها لەوەش تێدەگەن کە ناوچە جوگرافیایەکی گرنگی هەیە.
لەبارەی بەرهەڵستکاری حەشد و پەکەکە بۆ رێککەوتنەکە، ڤیان دەخیل گووتی، ئێستا حکومەتی عێراق پشتگیریی پەکەکە لەو ناوچەیە ناکات و مووچەیان بۆ نانێرێت؛ هەرچی حەشدی شەعبییە ئەگەر لە ژێر دەسەڵاتی عێراق بن دەبێت رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن.
دووپاتیشکردەوە، رێککەوتنەکە سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140.