یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی: لەکاتی مانگگیراندا نوێژ و زیکر بکەن

یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت: مانگگیران و خۆرگیران دیاردەیەکی گەردوونی و سروشتییە، زانست هۆکارەکانی دیاریکردوونەو، بەدرێژایی مێژوو ئەم دیارەدەیە روویداوەو تازە نییە، دەشڵێت: دیاردەی مانگگیران و خۆرگیران، دوو نیشانەی گەورەن لە نیشانەی دەسەڵاتی خودا.
یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دیاردەی مانگگیرانی ئەمشەو بڵاوکردووەتە و تێیدا بە ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەستی پێکردووە، کە تێیدا دەفەرمووێت: (وَٱلۡقَمَرَ قَدَّرۡنَٰهُ مَنَازِلَ حَتَّىٰ عَادَ كَٱلۡعُرۡجُونِ ٱلۡقَدِيمِ).
ئاماژە بەوەش دەکات، مانگگیران و خۆرگیران دیاردەیەکی گەردوونی و سروشتییە، زانست هۆکارەکانی دیاریکردوونە، بەدرێژایی مێژوو ئەم دیارەدەیە ڕوویداوەو تازە نییە.
دەڵێت: لە فەرهەنگی ئیسلامدا، مانگگیران وخۆرگیران دوو نیشانەی گەورەن لە نیشانەی دەستەڵاتی خودا، بۆیە لەم کاتەدا نوێژ و زیکر و پاڕانەوە و ئیستغفارکردن ،سوننەت و پێویستە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: ئەم دیاردە فەلەکی و گەردوونییە، جێی ڕامان و قوڵبوونەوەیە لە گەورەیی دەسەڵاتی خوای گەورە، کە چۆن و بە چ میکانیزم و رێسایەکی فیزیکی و هەندەسەیەکی ورد و سەرسوڕهێنەر، ئەم گەردوونە بەڕێوە دەبات و کارلێک و تەواوکاریان لە نێوان هەیە.
بە پێی زانیاری فەلەکناسەکان ، ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، دیاردەی مانگگیران لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، دەشڵێت: لە ڕوانگەی هەستی دیندارییەوە، داوا لە مامۆستایانی ئایینی و موسڵمانان دەکەین، سوننەتی نوێژی مانگگیران زیندوو بکەوەو نزای خێر بکەن.