ئیسرائیل لە داگیرکردنی تەواوی غەززە نزیکبووەتەوە
لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل دوو تاوەری نیشتەجێبوونی بە ناوەکانی موشتەها و سوسی لە غەززە بۆردومان کرد و هەردوو تاوەرەکەی تەختی زەوی کرد.
مەروان خالید، خاوەن شوققە لە تاوەری موشتەها، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لە دەورووبەری تاوەرەکە ژمارەیەکی زۆر خیوەتی لێیە، هەروەها لە ناوچەکە کەمپی کەتیب و ئەنساڕی لێیە و خەڵکێکی زۆر کە لە سەرووتری ئەو شوێنە ئاوارەن و ئێستا لەسەر شەقامەکان کەوتوون و نازانن ڕوو لە کوێ بکەن."
هاواری منداڵ و ئافرەتان تەواوی ناوچەکەی گرتەوە کاتێك هاووڵاتییان هەڵاتنە سەر شەقامەکان تا ڕزگاریان بێت، هەندێكیان چەند بەڵگەنامەیەکیان لەگەڵ خۆیان برد و ئەوانی دیکە نەیانتوانی هیچ شتێك ڕزگار بکەن، هەستی شۆكبوون لەسەر ئەو ڕووخسارانە بەدیکرا کە بە تۆز و دووکەڵ داپۆشران.
ئەحمەد عەبدولرەحمان، ئاوارە بەکوردستان24ـی گوت "ئەو ترس و تۆقاندنە بوونی هەیە، ئێمە لە ژوورەوەشین و دەترسین، لە شەقام بین چۆن دەبین؟ ساچمە و پارچە بەسەرماندا دەبارێت."
ئیسرا عەبدولحەکیم، یەکێکی دیکەیە لە ئاوارەکان و دەڵێت: ترسمان بینی و گیانمان سپارد و لە کەمپەکان هەڵاتین و ئاوارە بووین و تا ئێستاش هەر چاوەڕوانین.
پیاوان بە دەست و پەنجەکانی خۆیان لەنێو داروپەردووەکاندا دەگەڕێن و دایکان بە بێ دەنگی دەگرین بۆ چارەنووسێکی نادیار کە چاوەڕوانی منداڵەکانیان دەکات، شەقامەکانی ناوچەکە بوونەتە وێنەیەك لە ترس و نائارامی.
ئیبتیسام ئەبو حەمید، ئاوارەیەکی دیکەیە و گوتی "چیمان ماوە؟ شەڕایتمان جێهێشت و هاتینە حەدیدە و بێ پۆشاکین هیچمان نەماوە، سەیر بکەن هەمووی وێران بووە، قاپ و قاچاخ و پەرداخ و ئەو پۆشاکەی هەمانبوو هیچیان نەماون."
لەلای زۆرێکەوە بۆردومانکردنی تاوەرەکان پەیامێکی ئاشکرایە کە داگیرکردنی تەواوی غەززە نزیك بووەتەوە، ئەم ئەگەرەش دانیشتووانەکەی دڵگرانتر دەکات کە ئەمڕۆ زیندوون، بەڵام چاوەکانیان پرسیاریان بۆ سبەی دروست بووە کە دەکرێت خراپتر بێت، بەتایبەتی لە کاتێكدا فەرمانی نوێی چۆڵکردن بۆ دانیشتووانی شاری غەززە دەرکراوە.
لەنێو داروپەردوو و دووکەڵدا، دەنگی خەڵك لە غەززە بەهێزتر لە بێدەنگی ماوەتەوە، چیرۆکی ترس و ڕزگاربوون دەگێڕێتەوە چاوەڕێی ئەوەیە ئاخۆ چارەنووسی داگیرکردنی تەواوی غەززە چی بۆ هەڵگرتووە.