لە هەولێر شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتی وەبەرهێنانی خانووبەرە بەڕێوەدەچێت

لە هەرێمی کوردستان شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتی وەبەرهێنانی خانووبەرە بە بەشداریی 16 وڵات بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند کە شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە لەنێوان 9 تاکوو 12ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەدەچێت. ئەم پێشانگایە بە یەکێک لە گەورەترین پێشانگاکانی عێراق لە بواری وەبەرهێنانی خانووبەرە دادەنرێت.
بەپێی لێدوانەکەی بەرگەشت ئاکرەیی، نزیکەی 280 کۆمپانیا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە 16 وڵاتی جیاوازەوە بەشداری لەم پێشانگایەدا دەکەن. وڵاتە بەشداربووەکان بریتین لە تورکیا، ئێران، سوڵتانییەتی عومان، ئیمارات، یۆنان، قەتەر، لوبنان، ئەڵمانیا، سعودیە، چین، ئیتاڵیا و ئیسپانیا.
پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر 10:00 بەیانی تاکوو 6:00 ئێوارە کراوە دەبێت.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەدا، ئەم پێشانگایە دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن و گرێبەستی هاوبەش. هەروەها دەرفەتێکیشە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە پرۆژەکانیان نمایش دەکەن تاوەکو هاووڵاتیان بتوانن یەکەی نیشتەجێبوون لەو پڕۆژانە بکڕن.
جگە لەمانەش، بەرگەشت ئاکرەیی باسی لەوەش کرد، یەکێک لە مەرجەکانی دەستەی وەبەرهێنان بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان بە گشتی ئەوەیە کە دەبێت ڕێژەی 75%ـی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتیانی ناوخۆ بێت. ئەو پێشانگایانە دەرفەتێکیشن بۆ ئەو کەسانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن بۆ ئەوەی سیڤییەکانیان پێشکەش بە کۆمپانیا بەشداربووەکان بکەن و دەرفەتی کار بۆیان بڕەخسێت.