سلێمانی میوانداری ناساندنی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکات
دوومین فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی کراوەتەوە بە ڕووی سەردانیکەرانیدا و دەرفەتێکە بۆ ناساندنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و بە بازاڕی کردنیان.
خواردن تەنها پێویستییەک نییە بۆ مانەوە، بەڵکو گەشتێکە بۆ ناو جیهانێکی پڕ لە تام و چێژ.
لە بۆنی گەرمی نانەوایەک تا تامی شیرینی میوەکان، چێژی خواردن تەنها لە تێرکردنی سکی برسی نییە، بەڵکو لەو ساتانەدایە کە لەگەڵ خۆشەویستانمان کۆدەبینەوە، ئامادەکردنی خواردن، زۆرجار هۆکارێکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
نازەنین فەتاح، سەردانیکەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەبوونی ئەمجۆرە فێستیڤاڵانە گرنگە، بۆ ئەوەی چینی ئێستا ئاشنا بێت بە کولتووری خواردن و کاری دەستیی و هونەری دەستخۆشی لە خاتوونە دەستڕەنگینەکان دەکەم. من ئەمڕۆ دووەم ڕۆژمە سەردانی ئەم فێستیڤاڵە دەکەم، چەندان خواردن تاقیکردووەتەوە و تامم کردوون.
تەندروستیی مرۆڤ بە شێوەیەکی بنەڕەتی پەیوەستە بەوەی چی دەخۆین و چۆن دەخۆین. خواردنی تەندروست تەنها خۆپاراستن نییە لە نەخۆشییەکان، بەڵکو وەبەرهێنانێکە لە ژیانێکی پڕ وزە و چالاکی. کاتێک جەستەمان بە خۆراکی باش پڕ دەکەین، مێشکمان ڕوونتر دەبێت، دڵمان بەهێزتر دەبێت، و ڕۆحمان ئارامتر دەبێت.
وریا عەلی، خاوەنی چێشتخانە دەڵێت: ئەمجۆرە فێستیڤالانە گرنگن، بۆ ئەم نەوەی تازە پێدەگەن ئاشنان بۆ تەکنەلۆژیا، تاکوو ئاشنابن بە کولتوور و خواردنی خۆمان.
کوسرەت ئەنوەر، خاوەنی چێشتخانە دەڵێت: ئێمە بە خواردنی دەریایی بەشداریمان کردووە، هەموو خواردنە دەریاییەکانمان هەیە لە هەشت پێ و ڕۆبیان و ماسی و گوێچکە ماسی. خواستێکی زۆر هەیە لەسەر خواردنی دەریایی، چونکە لەناو کوردستان خواردنێکی تازەیە و تازە بڵاو دەبێتەوە لەناومان، گەر بیکەی بە ڕێژە سەدا 20ـی خەڵکی کوردستان تامی خواردنی دەریاییان نەکردووە.
فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی دەروازەیەکە بۆ براندە ناوخۆیی و بیانییەکان تا کاڵا و بەرهەمەکانیان بە خەڵک بناسێنن، لەم فێستیڤاڵەدا دەیان براند و کۆمپانیای هەمەجۆر تێیدا بەشدارن. بە نموونەی خواردنگە و کافێ و کلینکی دکتۆر و دەرمانخانە و نووسینگەی خانوبەرە و کاری دەستی، ژمارەیەک براندیش لە دەرەوەی پارێزگای سلێمانی بەشداریان کردووە، زۆربەی براندەکان داشکاندنی تایبەتیان لەسەر کاڵاکانیان داناوە یاخود خەڵات و دیاریی تایبەتیان هەیە بۆ بەشداربووان و سەردانکەرانیان.