شوێنەواری ئیزیرتوو، میراتێک لە شارستانیی مانایی

شوێنەواری دوو هەزار و 800 ساڵەی ئیزیرتوو، لە 9 کیلۆمەتریی باکوریی ڕۆژهەڵاتی بۆکان و لە نزیک گوندی قەڵایچی هەڵکەوتووە و هەر بە شوێنەواری قەڵایچییش ناوبانگی دەرکردووە. 

ئەم شوێنە، پایتەختی شارستانییەتی مانایی بووە کە بەر لە سەرهەڵدانی ئیمپراتۆرییەکی میدیا، بەسەر باشووری دەریاچەی ورمێدا حوکمڕانیی کردووە.

لەسەر بەرزاییەکی  پشت گوندەکەوە، ئەشکەوتێکی ئەستوونیی ناوازە هەڵکەوتووە کە 110 مەتر قووڵە. قەڵایچی بە بوونی ئەم شوێنەوارە گرنگانەوە دەتوانێ ببێتە ناوەندێکی سەرەکیی گەشتیاری لە ناوچەکە، بەڵام بە گوێرەی پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.

سەلاح  جەهانی - ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی قەڵایچی، بە کوردستان 24ـی گوت: شوێنەوارەکانی ئێرە زۆر کۆنن و مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ چەندان هەزار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام بە گوێرەی پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و بوودجەی پێویست بۆ خزمەتکردن و چاودێریکردنی تەرخان نەکراوە.

فارووق ئەحمەدی - دانیشتووی گوندی قەڵایچی، دەڵێت: لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە گەشتیاری زۆر بۆ سەردانی ئەم شوێنەوارانە دێن، بەڵام وەکوو پێویست خزمەت نەکراوە.

دکتۆر یووسف حەسەنزادە، کە ساڵی ڕابردوو سەرپەرشتیاری دوایین هەڵکۆڵینی شوێنەوارناسی لە قەڵایچی بووە، لە سمینارێکدا کە لە لایەن فەرمانگەی میراتی کولتووری و گەشتیاری و پیشەدەستییەکانی بۆکانەوە ڕێکخرابوو، باسی لە گرنگیی ئەم شوێنەوارە دێرینەی بۆ گەشتیاریی ناوچەکە و ڕێکارەکانی گەشەپێدانی گەشتیاریی لەم شوێنە کرد. 

حەسەنزادە، گوتی: ئەگەر ئەم شوێنەوارانە بخرێنە سەر لیستی یونسکۆ، بێگومان، لە ڕووی گەشتیاری و کولتوورییەوە سوودێکی زۆری بۆ ناوچەکە دەبێت و مێژووی کۆنی ئێمەش بە دنیا دەناسێنێت.

شارستانییەتی مانایی، دەسەڵاتێکی بەهێز و دەوڵەمەند بووە کە بایەخی زۆری بە هونەری شێوەکاری و تەلارسازی داوە. زیاتر لە 450 خشتی گڵین لە شوێنەواری ئیزیرتوو دۆزراونەتەوە کە تابلۆی شێوەکاریی ڕەنگاوڕەنگیان لەسەر کێشراوەتەوە. ئەم خشتانە، بە تاڵان چوون و ئێستا ژمارەیەکیان لە مۆزەخانەیەکی تۆکیۆ لە ژاپۆن دانراون. تەنیا 45 خشتیان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە سویسراوە گەڕێنراونەتەوە ئێران. بەڵام ئەوانیش لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئێران لە تاران ڕایانگرتوون و  نەیانگەڕاندوونەتەوە بۆکان.

 
Fly Erbil Advertisment